به‌م نزیكانه‌ وه‌فدی هه‌رێم ده‌چێته‌ به‌غدا

‌هەرێم و بەغدا لە چاوەڕوانی گفتوگۆدا

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار

جاسم به‌یاتی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا رایگه‌یاند، هەفتەی داهاتوو وەفدی هەرێم و به‌غدا كۆده‌بنه‌وه‌ و په‌رله‌مانتارێكی كوردیش ده‌ڵێت، داوایان كردووه‌ وه‌فده‌كه‌ حكومی بێت و نوێنه‌ری سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تیادابێت.


جاسم بەیاتی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا و كەسی نزیك لە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق راگەیاند: هەفتەی داهاتوو دیاریكراوە بۆئەوەی وەفدی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ وەفدی حكومەتی فیدراڵی كۆببێتەوە.

بە وتەی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی عیراق لە كۆبوونەوەكەدا لایەنی عیراقی چەند تەوەرێكی دەستنیشان كردووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ وەفدی هەرێم، لەوانە كەرتی نەوت و داهاتی خاڵە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكان و پێشمەرگە.

وتیشی: "بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری لایەنە سیاسییەكان بەشداربن بۆ ئەوەی گفتوگۆیەكی روون و ئاشكرا بێت لە چوارچێوەی دەستووردا".

لای خۆیه‌وه‌ د. به‌ختیار شاوه‌یس، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: چاوه‌ڕوانده‌كرێت گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌ست پێبكات، به‌ڵام ئاسان نابێت بوترێت به‌ یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ ئه‌وه‌شی وت: "ئێمه‌ داوامان كردووه‌ وه‌فده‌كه‌ حزبی نه‌بێت و حكومی بێت، هه‌روه‌ها نوێنه‌ری سه‌رجه‌م حزبه‌كانی تیادا بێت له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران".

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین جار ئاماده‌یی خۆی نیشانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆكان له‌ چواچێوه‌ی ده‌ستووردا له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ستپێ بكات، به‌ڵام به‌غدا مه‌رجی ئه‌وه‌ی داناوه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌رێم به‌ فه‌رمی ئه‌نجامی ریفراندۆم هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا دادگای فیدراڵی عیراق به‌ فه‌رمی نا ده‌ستووری بوونی ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆمی هه‌رێمی راگه‌یاند و فه‌رمانیدا به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و لێكه‌وتانه‌ی له‌ ئه‌نجامی ریفراندۆمه‌كه‌ هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌.


AM:10:45:23/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 10296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو