روحانی: حزبوڵا به‌شێكه‌ له‌ گەلی لوبنان و خۆشه‌ویسته‌ له‌ وڵاته‌كه‌یدا


وێستگه‌ نیوزـ

سەرۆک كۆماری ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆندا ئەنجامدا و ڕایگەیاند، فەرەنسا دەتوانێت گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمبکاتەوە، جەختیشی کردەوە کە حزبوڵای لوبنان بەشێکە لە گەلی لوبنان و لە وڵاتەکەیدا خۆشەویستە.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ڕۆحانی بە ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسای ڕاگەیاندووە، ئێران ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەرەنسادا لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش پەرە پێبدات.

هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ڕۆحانی بە ماکرۆنی وتووە: دژی هەر کارێکی کوێرانە و دابەشکردنێکین لە ناوچەکەدا و پێمان وایە فەڕەنسا دەتوانێت پارێزگاری لە دەنگێکی سەربەخۆ و بێلایەنانە و هەڵوێستی خۆی بکات لە ناوچەکەدا، دەتوانێت ڕۆڵێکی بەرهەمهێنەر ببینێت بە پەیڕەوی کردنی بەرنامەیەکی بێلایەنانە و واقعی."

هەرچەندە پێشتر فەرەنسا داوای لە حزبوڵای لوبنان کرد واز لە ناوچەکە بهێنێت و ڕێز لە پایەی دەوڵەتی لوبنان بگرێت، بەڵام ڕۆحانی بە ماکرۆنی ڕاگەیاندووە، حزبوڵا بەشێکە لە گەلی لوبنان و لە وڵاتەکەیدا خۆشەویستە.

لەماوەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی ئێران و فەرەنسا ڕووی لە گرژی و ئاڵۆزی کرد، دوای ئەوەی ماکرۆن لە سعودیە ڕایگەیاند، نابێت تاران کاری دوژمنانە لە ناوچەکەدا ئەنجام بدات و دەبێت بەرنامە موشەکیە بالیستیکیەکەشی ڕوون بکاتەوە، لە بەرامبەریشدا ئێران فەرەنسای تۆمەتبار کرد کە هەڵوێستی لایەنگیرانەی دۆخی ناوچەکەی ئاڵۆزترکردووە.


AM:08:38:22/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 1000 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو