عەلی باپیر: كۆمەڵ بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ قۆناغی ئێستای كوردستان و عیراق دەكات

‌دیمەنێك لە دیدارەكە

وێستگە نیوز-
عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لە وڵاتی ئەڵمانیا سەردانی سەفرەتی عیراقی كردووە و گفتوگۆیان سەبارەت بە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و بەغدا كردووە و عەلی باپیر رایگەیاندووە "كۆمەڵی ئیسلامی بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ قۆناغی ئێستای نێوان هەرێم وبەغدا دەكات".

مەكتەبی راگەیاندنی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردەوە "ئەمڕۆ هەینی مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان هاوڕێ‌ لەگەڵ وەفدێك لە وڵاتی ئەڵمانیا سەردانی سەفارەتی عێڕاقی كرد و لەلایەن (چیا‌و الدباس) سەفیری عێڕاق لەئەڵمانیا و هاوڕێ‌ تاڵەبانی جێگری سەفیر پێشوازیی كران".

بەپێی هەواڵەكە، لەو كۆبوونەوەیەدا تیشك خرایە سەر دۆخی ناوخۆی هەرێم ‌و بەغداو باس لەدوایین پەرەسەندن‌ و گۆڕانكاریی گۆڕەپانەكە كرا و جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە هەموولایەك پێكەوە گرفتەكان چارەسەر بكەن.

وەكو لە هەواڵەكەدا هاتووە "جەخت لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینەی سەرجەم هێزو لایەنەكان كرایەوە و بۆ گرفت ‌و كێشەكانی نێوان هەرێم ‌و بەغداش بەپێویست زانرا دیالۆگێكی جیددیی لەسەر بنەمای دەستوور بۆ چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكان دەست پێ‌ بكرێت".

عەلی باپیر رایگەیاندووە، كۆمەڵی ئیسلامی بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ قۆناغەكە دەكات وەك هێزێكی كاریگەری گۆڕەپانەكە و لەو پێناوەشدا هەوڵ ‌و قوربانی زۆری داوە.

سەردانی عەلی باپیر بۆ سەفارەتی عیراق لە ئەڵمانیا لە كاتێكدایە دوو هەفتەیە ناوبراو سەردانی دەرەوەی وڵاتی كردووە و پێشتریش بەرپرسی مەكتەبی عەلی باپیر بە وێستگە نیوزی راگەیاند، سەردانەكەی بەمەبەستی چارەسەری نەخۆشی خێزانەكەیەتی.



PM:03:55:17/11/2017








ئه‌م بابه‌ته 8600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو