حکومەتی عیراق حسابی بانکی بۆ مووچەخۆران دەکاتەوە


وێستگه‌ نیوز ـ
ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، رایگەیاند، کاردەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دارایی فەرمانبەران و پێدانی دەستکەوتی باشتر، ئەویش لە رێگەی کردنەوەی حسابی بانکی بۆ فەرمانبەران و چەسپاندنی مووچەکانیانەوە.

مەهدی عەلاق، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تشرینی دووه‌می 2017، لە وتەیەکدا لە کاتی کردنەوەی پێشانگای بانکەکان کە تایبەت کرابوو بۆ چۆنێتی دانان و کردنەوەی حسابی بانکی مووچەی فەرمانبەران، کە بە هاوکاری وەزارەتی پلاندانان دوێنێ چوار شەممە رێکخرابوو رایگەیاند "حکومەت لە رێگەی دەرکردنی بڕیاری تایبەت بە کردنەوەی حسابی بانکی بۆ مووچەی فەرمانبەرانەوە، هەوڵ دەدات باری دارایی و بژێوی فەرمانبەران بەرزتر بکاتەوە و دەستکەوت و شایستەی دارایی باشتریان پێ ببەخشێت".

عەلاق وتی: "فەرمانبەر مافی خۆیەتی کام بانکە هەڵدەبژێرێت بۆ کردنەوەی حسابی بانکی بۆ مووچەکەی و تیایدا بەوشێوەیەی کە خواستە ئابوورییەکانی خۆی پێ تێر دەکات، پرۆژەی کردنەوەی حسابی فەرمانبەران دەبێتەهۆی زیادبوونی خزمەتگوزاری بانکی بۆ مووچەخۆران و کارئاسانی دەکات بۆ پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی ماڵەکردن لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات".

لەلایەکی ترەوە عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عیراق دەربارەی پرۆژەکە وتی: "پڕۆژەی کردنەوەی حسابی بانکی بۆ مووچەی فەرمانبەران یەکێکە لە پرۆژەکانی دارایی بانکەکان کە هاوکار دەبێت بۆ گواستنەوەی کۆمەڵگە بۆ کۆمەڵگەیەکی نەختینەیی تەواو، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئەلکترۆنی پارە بدرێت و وەربگیرێت، کە بە یەکێک لە مامەڵە باشەکانی دارایی و بانک دادەنرێت بۆ دوورکەوتنەوە لە مامەڵەی نەختینە".

ئاماژەی بەوەشکرد، بانک بە نیازی دەرکردنی رێنماییە بۆ لایەنە پەیوەندارە حکومییەکان بۆئەوەی بەو شێوەیە مامەڵە دارایی و بانکییەکانیان بکەن و حسابی بانکیی بکەنەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە ماوەی رابردوودا بڕیاری 313ی ساڵی 2016ی دەرکرد، کە پێویستە مامەڵە داراییەکان بە ئەلکترۆنی بکرێت و چیتر مامەڵەی نەختینە نەکرێت، پاشان بڕیاری 281 لە هەمان ساڵدا دەرچوو سەبارەت بە چاککردنی سیستمی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت.

لە ئێستادا بەشێکی زۆری فەرمانبەرانی عیراق لە رێگەی کردنەوەی حسابی بانکییەوە مووچەکانیان لە رێگەی کی کاردەوە لە بانکەکان وەردەگرن.

هــ. ر


PM:02:03:16/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 24556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو