رۆسنەفت: بڕی 1.3 ملیار دۆلار پێشەکیمان داوە بە حکومەتی هەرێم


وێستگه‌ نیوز ـ
کۆمپانیای رۆسنەفتی روسی رایگەیاند، لە بەرامبەر گرێبەستە نەوتییەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا بڕی ملیارێک و 300 ملیۆن دۆلاریان وەک پارەی پێشەکی پێداون.

کۆمپانیاکە ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 14ی تشرینی دووه‌می 2017، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە چارەگی سێیەمی ساڵی 2017، بڕی ئەو پارەیەی کە وەک پێشەکی لە بەرامبەر گرێبەستەکانیاندا لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا داویانە بە هەرێم گەیشتووەتە 1.3 ملیار دۆلار.

هاوکات کۆمپانیاکە لە بەیاننامەکەدا ئەوەشی وتووە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە داهاتی ڕۆسنەفت زیادی کردووە، بە جۆرێک لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە هەتا تشرینی دووەم داهاتەکەی 790 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا 430 ملیۆن دۆلار بووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە مانگی‌ حوزەیرانی‌ ئەمساڵ شاندێکی هەرێم بۆ بەشداریکردن له‌ كۆڕبه‌ندی ئابوریی جیهانی سانت پیتەرسبورگ کە پێکهاتووە لە نێچیرڤان بارزانی‌ سەرۆکی‌ حکومەتی‌ هەرێم و قوباد تاڵەبانی‌ جێگری‌ سەرۆکی‌ حکومەت و ئاشتی‌ هەورامی‌ وەزیری‌ سامانە سروشتییەکان و سەفین دزەیی وتەبێژی‌ حکومەتی‌ هەرێم گەیشتە روسیا و گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیای‌ روسنەفتی‌ روسیدا واژۆ کرد.

دواتر و لە مانگی تشرینی یەکەمدا، رۆسنەفت رایگەیاند، چەند گرێبەستێکیان بۆ پەرەپێدانی پێنج گێڵگەی نەوتی لە هەرێم لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا واژۆ کردووە کە دەتوانن بڕی 670 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرهەم بهێنن.

بەپێی گرێبەستەکە کە بۆ پەرەپێدانی پێنج کێڵگەی نەوتییە لە هەرێم، بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ئاستی هەناردەکردنی نەوت بەرزدەکرێتەوە بۆ یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.

پێشتر کۆمپانیاکە رایگەیاندبوو، بەپێی‌ رێککەوتنەکەی‌ نێوانان پێشوەختە سێ ملیار دۆلار دەداتە حکومەتی‌ هەرێم بۆ ماوەی‌ سێ ساڵ، جگە لەوە کۆمپانیاکە بەڵێنیداوە کە هەوڵی‌ پەرەپێدان و دۆزینەوەی‌ بازاڕی‌ نوێ بۆ نەوتی‌ هەرێمی‌ کوردستان بدات.

بەشێکی گرێبەستەکە لەسەر هەناردەکردنی نەوتە لە رێگەی بۆرییەوە بەجۆرێک، لە رێگەی سیستمی گواستنەوەی هەرێمایەتی، 700 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا بەدەستی رۆسنەفت دەگات، بەپێی پلانەکەش بۆ کۆتایی ساڵی 2017 بەرزدەکرێتەوە بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەنیازن لە داهاتوودا وەبەرهێنان لە بواری غازی سروشتبی هەرێمی کوردستانیشدا بکەن.

بەپێی‌ ئەو گرێبەستە کۆمپانیا روسییەکە تا ساڵی 2019 کڕیاری نەوتی هەرێم دەبێت کە نەوتی‌ خاوی‌ هەرێم رەوانەی ئەڵمانیا دەکات بۆ پاڵاوتنی لە پاڵاوگەکانی تایبەت بە کۆمپانیای رۆسنەفت.

ئەوەش ناڕەزایی بەغدای بەدوای خۆیدا هێنا و جەبار لوعێبی وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، تەنیا حکومەتی ناوەند بۆی هەیە گفتوگۆ و گرێبەستی نەوتی لە کەرتی وزەی وڵاتدا ئەنجام بدات.

هــ. ر


PM:01:54:14/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 5484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو