فەیسبوک خزمەتگوزاریەکی تایبەتی بە بوومەلەرزەکەی هەرێم کاراکردووە


وێستگە نیوز -
تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک خزمەتگوزاریەکی تایبەتی بۆ ئەو کەسانە خستووەتەکار کە بەهۆی بومەلەرزەکەی دوێنێی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەوروبەریەوە کاریگەربوون، تا بەکارهێنەران بتوانن هەواڵی سەلامەتیان بە هاوڕێ و کەسەکانیان بدەن.

فەیسبوک خزمەتگوزاری (سەیفتی چێک)ی کاراکردووە، و ناونیشانی (بومەلەرزەکەی هەڵەبجە، عێراق)ی بۆ بەکارهێناوە، بەکارهێنەرانی فەیسبوک دەتوانن لە ڕێگەیەوە یەکێک لە بژاردەکانی "من سەلامەتم " (I’m safe)یان بژاردەی من ناگرێتەوە ((Doesn’t Apply to Me هەڵبژێرن و کەسەکانیان ئاگاداربکەنەوە کە دوای بومەلەرزەکە سەلامەتن یاخود بەهۆی بومەلەرزەکەوە کاریگەر نەبوون.

هەر کەسێک بژاردەی سەلامەتی هەڵبژێرێت، هاوڕێکانی فەیسبوکی بە وریاکەرەوەیەک ئاگاداردەکرێنەوە و ئەوانیش دەتوانن هەمان بژاردە هەڵبژێرنەوە.

هەر لەو خزمەتگوزاریەدا بەشی پشتگیری هەیە، کە بەکارهێنەرانی فەیسبوک لە ڕێگەیەوە دەتوانن داوای هاوکاری بکەن یاخود هاوکاری ئەو کەسانە بکەن کە داوای هاوکاریان کردووە.

لە بەشێکی دیکەی خزمەتگوزاریەکەدا زانیاری و هەواڵ و وێنە و ڤیدیۆی بومەلەرزەکە بڵاوکراوەتەوە.

خزمەتگوزاری سەیفتی چێکی فەیسبوک تایبەتە بەو کارەساتە مرۆیی و هێرشانەی کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان کاریگەردەبن و بۆ ماوەیەکی کاتی کارادەبێت.


PM:12:02:13/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 13892 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو