چیرۆكی دواشه‌وی وێنه‌گره‌كه‌ی كوردستان تیڤی له داقوق
وێستگه نیوز -
ته‌واوی كاره‌بای ماڵی رۆژنامه‌نووس ئه‌ركان شه‌ریف ده‌كوژێته‌وه، چه‌ند چه‌كدارێكی ده‌مامكدار كاتژمێر دووی به‌ره‌به‌یان له‌سه‌ر دیواره‌وه ده‌چنه حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌یه‌وه له قه‌زای داقوق، به توندی له ده‌رگای مه‌دخه‌له‌كه ده‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ده‌رگادا رۆژنامه‌نوسه‌كه‌ی سه‌ته‌لایتی كوردستان قۆڵبه‌ست ده‌كرێت.
"ته‌نها زیان به خێزانه‌كه‌م مه‌گه‌یه‌نن، پاره‌تان ده‌وێت، هه‌رچیتان ده‌وێت ئاماده‌م”، ئه‌مه یه‌كه‌م وته‌ی ئه‌ركانی ته‌مه‌ن (49 ساڵ)، ده‌بێت كاتێك ده‌رگا له چه‌كداره ده‌مامكداره‌كان ده‌كاته‌وه له ماڵه‌كه‌ی خۆی له گه‌ڕه‌كی خۆرس-ی قه‌زای داقوق، به‌ڵام چه‌كداره‌كان پێیده‌ڵێن ئه‌ویان مه‌به‌سته نه‌ك پاره.
ئه‌ركان شه‌ریف، له ساڵی 2006ه‌وه وه‌ك وێنه‌گر له سه‌ته‌لایتی كوردستان تیڤی زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان كاری ده‌كرد، خێزاندار بوو و دوو كچ و كوڕێكی هه‌یه، ئه‌و شه‌وه له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانه‌وه ده‌كرێته ژورێكی ماڵه‌كه‌یه‌وه و به‌ر حه‌ربه –چه‌قۆی سه‌ربازیی– ده‌درێت، له‌كاتێكدا، ژن و منداڵه‌كانی به قۆڵبه‌ستكراویی له ژورێكی تردا ده‌رگایان لێداخرابوو.
به‌گوێره‌ی پشكنینه پزیشكییه‌كان كه، هه‌شت حه‌ربه له سه‌ر و سنگ و پشتی ئه‌ركان دراوه و ده‌ستبه‌جێ گیانی له‌ده‌ستداوه.
رووداوه‌كه كاتژمێر 2ی به‌ره‌به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه 30-10 روویدا له داقوق كه 44 كیلۆمه‌تر له باشوری كه‌ركوكه و دانیشتووانه‌كه‌ی تێكه‌ڵه‌یه‌كن له عه‌ره‌ب، كورد و توركمان، له‌گه‌ڵ پێكهاته ئاینیه‌كانی كاكه‌یی، شیعه و سوننه.
محه‌مه‌د شه‌ریف، براگه‌وره‌ی ئه‌ركان له یه‌كه‌م رۆژی پرسه‌ی ئه‌ركاندا له هه‌ولێر وتی: "چه‌كداره‌كان ده‌مامكداربوون، سه‌ره‌تا كاره‌بایان كوژاندۆته‌وه، كامێرای چاودێریی ماڵه‌كه‌یان لێكردۆته‌وه، ئه‌ركانی برام پێی وتوون پاره‌تان پێده‌ده‌م، ئه‌وانیش وتویانه بۆ پاره نه‌هاتووین".
چه‌كداره‌كان لایتیان پێبووه و له ژورێكدا ژن و منداڵه‌كانی ئه‌ركانیان قۆڵبه‌ستكردووه و ده‌رگایان لێداخستون، محه‌مه‌د شه‌ریف ده‌ڵێت "وتویانه نابێت هاواربكه‌ن”، له ژوورێكی تریشدا به حه‌ربه له ئه‌ركانیانداوه.
هاوژینه‌كه‌ی ئه‌ركان به‌مشێوه‌یه رووداوه‌كه ده‌گێڕێته‌وه: "ئێمه له ژووره‌كه‌ی تر بووین كه ده‌نگی ئه‌ركان نه‌ما، ئینجا زانیم كوشتویانه و چه‌كداره‌كان رۆیشتون”، ته‌واوكردنی تاوانه‌كه نزیكه‌ی نیوكاتژمێری خه‌یاندووه.
تا كاتژمێر شه‌شی به‌یانی ژن و منداڵه‌كانی ئه‌ركان هاوارده‌كه‌ن، تا دراوسێیه‌كیان گوێی لێده‌بێت و ده‌چێته ماڵی ئه‌ركان، ته‌رمی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه ده‌بینێت و ده‌رگا له ژن و منداڵه‌كانی ده‌كاته‌وه، دواتر خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك پۆلیس ئاگادارده‌كه‌نه‌وه.
له سێ ساڵی رابردوودا، ئه‌ركان یه‌كێك بووه له وێنه‌گره‌كانی به‌ره‌ی جه‌نگی پێشمه‌رگه دژی داعش، هاوكات وێنه‌ی ڤیدیۆیی كۆنگره رۆژنامه‌وانیی و هه‌واڵه‌كانی قه‌زای داقوقی بۆ سه‌ته‌لایتی كوردستان گواستۆته‌وه كه باره‌گاكه‌ی له هاوینه‌وهه‌واری پیرمامه له باكوری شاری هه‌ولێر.
رۆژی 16ی تشرینی یه‌كه‌م كاتێك هێزه عیراقییه‌كان له چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی له ناوچه‌كانی جێناكۆك به فه‌رمانی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق چوونه ناو قه‌زای داقوق و كه‌ركوكه‌وه، ئه‌ركان شه‌ریف وه‌ك هه‌زاران خێزانی تری پارێزگاكه ماڵه‌كه‌ی به‌ره و سلێمانی به‌جێهێشت، محه‌مه‌دی براشی ماڵه‌كه‌ی بۆ هه‌ولێر گواستۆته‌وه.
سامان محه‌مه‌د، برازای ئه‌ركان، وتی: "25ی تشرینی یه‌كه‌م مامم (ئه‌ركان) ته‌له‌فونی بۆ كردین و وتی من ده‌گه‌ڕێمه‌وه داقوق، وتمان داقوق ئارام نییه چه‌ند رۆژێك بوه‌سته بزانین دۆخه‌كه چی لێدێت، به‌ڵام ئه‌و وتی من كێشه‌م له‌گه‌ڵ كه‌س نییه و پێشتریش كێشه‌م بۆ كه‌س دروست نه‌كردووه و ده‌چم وانه ده‌ڵێمه‌وه".
بنه‌ماڵه‌ی ئه‌ركان خه‌ڵكی ره‌سه‌نی داقوقن و باوكی زیاتر به كاری كشتوكاڵییه‌وه سه‌رقاڵ بووه، له پاڵ كاری وێنه‌گری ئه‌ركان به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه‌ی ناوباخی سه‌ره‌تایی بوو له گوندی حه‌وته‌غاری نزیك داقوق.
سامان وتیشی: "ئه‌وه‌نده‌ی زانیاریمان هه‌بێت هۆكاری چوونه سه‌ر ماڵی ئه‌ركان دوو خاڵه، یه‌كه‌م رۆژنامه‌نووسی پارتی بووه، دووه‌م كورده"، هه‌رچه‌نده نه‌یویست زانیاریی تر بڵێت بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی ئه‌و خزم و كه‌سوكاره‌ی كه له داقوق ماون نه‌كه‌ونه مه‌ترسییه‌وه.
به‌ڵام محه‌مه‌د شه‌ریف برای ئه‌ركان كه خۆی له 16ی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه ئاواره‌ی هه‌ولێر بووه، ده‌ڵێت: "ته‌نانه‌ت وه‌ك بنه‌ماڵه‌كه‌شمان كێشه‌مان له‌گه‌ڵ كه‌س نه‌بووه، به پێچه‌وانه‌وه زۆر تێكه‌ڵی هه‌موو پێكهاته‌كان بووین و یارمه‌تی زۆر خه‌ڵكمان داوه".
خێزان و سێ منداڵه‌كه‌ی ئه‌ركان ئێستا داقوقیان به‌جێهێشتووه و بڕیاریانداوه جارێ نه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ داقوق.
هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تا به ئه‌ركان ده‌ڵێن پاره‌مان ناوێت، به‌ڵام چه‌كداره‌كان بڕی 20 هه‌زار دۆلاریش له ماڵی ئه‌ركان له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن، له‌گه‌ڵ كامێرای وێنه‌گرتنی سه‌ته‌لایتی كوردستان و كامێرای چاودێریی ماڵه‌كه.
خێزانه‌كه‌ی وتیشی: "كاتێك چه‌كداره‌كان چوونه ده‌ره‌وه‌ی ماڵ ده‌نگی ته‌قه‌ی زۆر هاتووه"، ده‌نگی ته‌قه له دوای رووداوه‌كانی 16ی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه به هه‌ره‌مه‌كی له‌ناو قه‌زای داقوقدا چه‌ندباره ده‌بێته‌وه.
كاروان ئاكره‌یی، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌ته‌لایتی كوردستان، وتی: "ئیشكردن له په‌یامنێران و رۆژنامه‌نووسانی ئێمه له كه‌ركوك و دوای هاتنی هێزه عیراقییه‌كان قه‌ده‌غه‌كراوه، هه‌موو كارمه‌نده‌كانمان هاتوونه‌ته هه‌ولێر و شوێنی حه‌وانه‌وه‌یان بۆ دابینكراوه، ته‌نیا ئه‌ركان نه‌بێت كه چووه سلێمانی".
وتیشی: "تا گه‌یشته سلێمانی ئاگاداربووین، به‌ڵام بێ پرس و ئاگاداری ئێمه گه‌ڕاوه‌ته‌وه داقوق، چونكه مامۆستا بووه".
ئاكره‌یی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی به‌و رووداوه تۆمه‌تباركرد، "دیاره ئه‌و چه‌كدارانه زیاتر له كامێرا و راگه‌یاندن ده‌ترسن به‌و پێیه‌ی راستییه‌كان ده‌خه‌نه‌ڕوو… ئه‌و كوشتنه هه‌ڕه‌مه‌كی نه‌بووه، به‌ڵكو ئامانجدار بووه كه ئه‌و كه‌سه كادیری پارتییه و رۆژنامه‌نووسه و كورده".
به‌ڵام جه‌وده‌ت عه‌ساف، لێپرسراوی راگه‌یاندنی میحوه‌ری باكوری حه‌شدی شه‌عبی ده‌ڵێت: "سه‌ته‌لایتی كوردستان هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی له‌سه‌ر كوشتنی وێنه‌گره‌كه‌یان له قه‌زای داقوق پێشكه‌ش نه‌كردووه".
وتیشی: "له‌كاتی هه‌بوونی هه‌ر به‌ڵگه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی حه‌شد ئه‌و كاره‌یان كردبێت، ئه‌وا فه‌رمانده‌یی حه‌شدی شه‌عبی به‌ڵێنده‌دات هه‌ركه‌سێك كه تێوه‌گلابێت له‌و رووداوه راده‌ستی دادگا و لایه‌نه ئه‌منییه‌كانی ده‌كه‌ین"، دا‌واشیان لێده‌كات هه‌ر به‌ڵگه‌یه‌كیان لایه پێشكه‌شی بكه‌ن.
محه‌مه‌د مه‌هدی به‌یاتی، لێپرسراوی لقی باكوری رێكخراوی به‌در و یه‌كێك له فه‌رمانده‌كانی حه‌شدی شه‌عبیی وتی: "هیچ هێزێكی حه‌شد له ناوه‌ندی قه‌زای داقوقدا نییه ته‌نیا له ده‌وروبه‌ری قه‌زاكه نه‌بێت، ئێمه گومانمان هه‌یه لایه‌نی ده‌ره‌كی بیه‌وێت كێشه له نێوان پێكهاته‌كانی كورد و عه‌ره‌ب و توركماندا دروستبكات".
بڕیاره به‌شێك له رۆژنامه‌نووسانی هه‌ولێر سبه‌ی پێنجشه‌ممه 2-11 به گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایی بچنه به‌رده‌م نوسینگه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و دواتریش كونسوڵخانه‌كان و داوای پاراستنی گیانی رۆژنامه‌نووسان بكه‌ن.
ئاكره‌یی وتی: "سكاڵا له‌سه‌ر بكوژانی ئه‌ركان تۆمارده‌كه‌ین چونكه ناسراون، ره‌نگه سكاڵاكه له دادگاكانی كوردستان تۆماربكه‌ین".
محه‌مه‌د شه‌ریف براگه‌وره‌كه‌ی ئه‌ركان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه زانیاری‌یان هه‌یه "بكوژه‌كان چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبیی بوون… ده‌یانناسین كێن و گروپێكی ناسراون"، بێئه‌وه‌ی هیچ زانیارییه‌كی تر بدركێنێت.
یه‌كه‌م رۆژی كوشتنی ئه‌ركان، پۆلیس وته‌ی له خێزان و منداڵه‌كانی وه‌رگرت، دوێنێ 31-10 جارێكی تر بۆ پشكنین و لێكۆڵینه‌وه سه‌ردانی ماڵی ئه‌ركانیان كردووه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی پۆلیسی داقوق كه له‌به‌ر دۆخی هه‌ستیاری قه‌زاكه نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه وتی: "تائێستا لێكۆڵینه‌وه‌كان ئه‌نجامیان نه‌بووه و نه كه‌س ده‌ستگیركراوه و نه كه‌س تۆمه‌تباركراوه".
زوربه‌ی شه‌وان قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له داقوق راده‌گه‌یه‌نرێت و ته‌قه‌ی هه‌ره‌مه‌كیش ده‌كرێت، دوای كوشتنی ئه‌ركان، ماڵی سێ لێپرسراوی پارتی دیموكراتی كوردستانیش له ناوه‌ندی داقوق ته‌قێنراونه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه‌كه‌ی پۆلیس وتیشی: "شه‌وی 31-10 بۆمبێكی چێنراو له حه‌وشه‌ی ماڵێكی توركماندا ته‌قییه‌وه، به‌ڵام ته‌نیا زیانی گیانی هه‌بووه”.
ده‌رباره‌ی تێوه‌گلانی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی له پشێویی داقوق-دا جه‌وده‌ت عه‌ساف وتی: "هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی چه‌ندین تۆمه‌ت بۆ هێزه‌كانمان دروستكراوه بێئه‌وه‌ی به‌ڵگه هه‌بێت بۆ ئه‌و تۆمه‌تانه”.
رۆژنامه‌نووسێكی كوردی هاوڕێی ئه‌ركان، كه له زۆركات له به‌ره‌كانی جه‌نگ و كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كان پێكه‌وه‌بوون، وتی: "ئه‌ركان كێشه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌سدا نه‌بووه، كوڕێكی له‌سه‌رخۆ و بێوه‌ی بووه… دوای ئه‌و رووداوه منیش ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 1-11 داقوق جێده‌هێڵم، چونكه شه‌وان ژیانمان نییه به‌ده‌ست ته‌قه‌كردن و هاتوچۆی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه”.
سه‌رچاوه: كه‌ركوك ناو
PM:06:01:01/11/2017
ئه‌م بابه‌ته 25550
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت