عه‌تا محه‌مه‌د، ئەندامی رێكخراوی گه‌شه‌پێدانی مه‌ده‌نیه‌ت له سلێمانی دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ وه‌ك رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و هونه‌رمه‌ندان و چالاكانی بواری ئاشته‌وایی و مافی مرۆڤ، رۆژنامه‌نووسان، كۆمه‌ڵێك له چالاكانی سیاسی، راگه‌یاندنكاران له هۆڵی سی دی ئۆ، كۆبوونه‌وه.
وتیشی: "ئامانج له كۆبوونه‌وه‌كه ئاماده‌كردنی هه‌ڵمه‌ت و كه‌مپینێكه بۆ رێگریكردن له لێكترازان و هاندانی لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ لێكنزیك نزیكبوونه‌وه‌و یه‌كڕیزی نیشتمانی".
ئه‌وه‌شی باسكرد: "له كه‌مپینه‌كه‌دا په‌یامێكمان ئاماده‌كردووه، هه‌ندێك چالاكی و پلان دانراوه".
له پلانی ئه‌و رێكخراو و چالاكانه‌ی مه‌ده‌نیدا هاتووه: "له‌و ساتانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له خه‌ونی به دیهێنانی خواست و مافه‌كانیدابوو، له‌و ساتانه‌ی هه‌موومان بیرمان له داهاتوویه‌كی باشتر و خۆشگوزه‌رانی و سه‌قامگیربوونی ئاشتی و ئارامی ده‌كرده‌وه، له‌و ساتانه‌ی كه زۆرینه‌ی هێزه سیاسییه‌كان جۆرێك له هاوده‌نگی و كۆده‌نگیان نواند بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی خه‌ڵكی كوردستان، شه‌ڕێكی قورس و نابه‌رانبه‌ر یه‌خه‌ی خاكی كوردستانی گرت".
عه‌تا محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی وت: "له‌و كاته‌دا هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان پاش به‌خشینی ده‌یان شه‌هید و بریندار تووشی نسكۆهات، نسكۆیه‌ك كه هیچ بیرمان لێنه‌كردبووه‌وه و خۆمان بۆ ئاماده نه‌كردبوو، ئه‌م نسكۆیه گه‌رچ به‌رانبه‌ر هێزێكی زه‌به‌لاحی پڕچه‌كی ده‌ره‌كی بووبێت، كه‌چی له لێكه‌وته‌كانی خه‌ریكه پریشكی ئاگره‌كه‌ی دێته‌وه ناوماڵی كوردستانیان و ده‌یه‌وێت خه‌رمانی خوێن به‌خشینی ده‌یانساڵه بسوتێنێت، وا خه‌ریكه ده‌نگی ده‌هۆڵه‌كانی دووبه‌ره‌كی به‌رزده‌بنه‌وه، وا خه‌ریكه بانگه‌شه‌ی تێكدانی یه‌كڕیزی ده‌گاته گوێمان، ئه‌مانه ته‌نیا قسه نین، به‌ڵكو راستین و خه‌ریكه روو ده‌ده‌ن، كه روویاندا شه‌ڕی ناوخۆ ماڵی هه‌موومان وێران ده‌كات".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "ئێستا كاتی دادگایی كردنی هیچ كه‌س و لایه‌نێك نییه، كاتی باسوخواسی تۆمه‌تباركردنی یه‌كتری نییه، گه‌ر سه‌ركه‌وتن رووی بدایه خاوه‌نی زۆر ده‌بوو، به‌ڵام كه بووه نسكۆ هه‌ریه‌ك له خۆی دوور ده‌خاته‌وه‌و ده‌یخاته باوه‌شی ئه‌وی تر".
روونیشیكرده‌وه: "بۆیه ئه‌ركی هه‌موو كوردستانیانه له ده‌ره‌وه یان ناوه‌وه‌ی كوردستان، كاربكه‌ن بۆ رێگریكردن له‌م بانگه‌شه‌ی دووبه‌ره‌كییه، رێگری بكه‌ن له هه‌موو وتار‌و كارێكی ئاڕاسته‌كراو بۆ رێگریكردن له یه‌كڕیزی".
وتیشی: "ئه‌ركی رێكخراوه‌كانی مه‌ده‌نی و چاكانی مه‌ده‌نی و هونه‌رمه‌ندان و رۆژنامه‌نووسان و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤه كه له تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی سۆسیال میدیا چالاكی بنوێنن، په‌یامی كورت و كاریگه‌ر دژی تێكدانی یه‌كڕیزی و به‌ره‌نگاری لێكترازان و شه‌ڕی ناوخۆیی بنووسن، چالاكییه‌كان چڕ بكرێنه‌وه بۆ ئاشتی و دژایه‌تی وتاری رق و كینه، چالاكی جۆراوجۆ له كه‌ناڵه‌كانی میدیا ئه‌نجام بدرێن و داوای پته‌وكردنی یه‌كڕیزی بكرێت".
ئه‌وه‌شی باسكرد: "هونه‌رمه‌ندان چالاكی هونه‌ری دژ به په‌رته‌وازه‌یی و دووبه‌ره‌كی و یه‌كتر سڕینه‌وه ئاماده‌بكه‌ن، رۆژنامه‌نووسان و میدیاكاران كار بكه‌ن بۆ پاراستنی ئاشتی و رووحیه‌تی یه‌كتر قبووڵكردن و رێزگرتن له جیاوازییه‌كان و گه‌ڕان به‌دوای خاڵه هاوبه‌شه‌كان، رێكخراوه‌كان ئاڕم و لۆگۆی پاراستنی ئاشتی و ئارامی هه‌ڵبواسن و كار بۆ چه‌سپاندنی بكه‌ن، گروپی هه‌مه‌ڕه‌نگ پێكبهێنرێت و بچنه ناوجه‌ماوه‌ر له شار‌و شارۆچكه‌كان تا هانیان بده‌ین رێگری له دووبه‌ره‌كی بكه‌ن".
عه‌تا محه‌مه‌د روونیكرده‌وه: "داوا له ته‌واوی كوردستانیان ده‌كه‌ین، كه پشتیوانی ئه‌م هه‌وڵه مه‌ده‌نی و ئاشتی خوازانه‌یه‌مان بن، په‌یام و دروشمه‌كانی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته بكه‌ن به په‌یامی خۆیان و كاری بۆ بكه‌ن و داكۆكی لێ بكه‌ن".
ئه‌وه‌شی وت: "وه‌ك به‌رنامه‌ی كار چه‌ند راسپارده‌یه‌ك بڕیاری له‌سه‌ر درا، له‌وانه دروستكردنی تیمی راگه‌یاندن كه هه‌ر ئه‌مشه‌و تا سبه‌ینێ دروشم ئاماده ده‌كات و چاپ ده‌كرێت و له شوێنه گشتییه‌كان بڵاوده‌كرێته‌وه، پێكهێنانی گروپی لاوانی ئاشتی و دایكانی ئاشتی بۆ ئه‌وه‌ی به‌رۆكی لایه‌نه سیاسییه‌كان و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و شوێنه گشتییه‌كان بگرن، كاركردن بۆ نه‌هێشتنی زمانی زبر‌و ته‌خوین كردن و داڕشتنی جۆرێك له میساقی شه‌ره‌ف له نێوانیاندا".
وتیشی: "سه‌ردانی لایه‌ن سیاسییه‌كان بكرێت و هانیان بده‌ین بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان و سزای ئه‌و كادرانه بده‌ن به بڕیاری سیاسی و حزبی كه زمانی زبر‌و ته‌خوین كردن به‌كار ده‌هێنن، كاركردن بۆ راگرتنی په‌رله‌مانتاره تووند ئاژۆكان كه زۆرترین قسه‌ی زبریان له‌م ماوه‌یه‌دا كردووه، دروستكردنی وێبسایت و هاش تاگ بۆ پشتیوانی له دروشمی یه‌كڕیزی نه‌ك لێكترازان، داواكاری گشتی كارابكرێت بۆ سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌وڵی نانه‌وه‌ی فیتنه ده‌ده‌ن و ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی یاسا ئاگری شه‌ڕ خۆشده‌كه‌ن".
ئه‌وه‌شی وت: "له سبه‌ینێوه كاركردن له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانی هه‌ولێر و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌ی راپه‌ڕین و گه‌رمیان
و كه‌ركوك ده‌ستپێده‌كات، بۆ په‌ڕینه‌وه‌ی ئه‌م چالاكیانه بۆ ئه‌و ناوچانه‌و هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه".
له دوای هێرشی سوپای عیراق و حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر كه‌ركوك و ناوچه جێ ناكۆكه‌كان و كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه و كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه، زمانێكی زبری راگه‌یاندن كه زیاتر بۆنی لێكترازان و هه‌نگاونان به‌ره‌و شه‌ڕی ناوخۆ له راگه‌یاندنه‌كانی پارتی و یه‌كێتی ده‌ستیپێكردووه، كه به‌جۆرێك هه‌ریه‌كه‌یان ئۆباڵی شكسته‌كه ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی یه‌كتری.
هــ. ر