هادی عامری: پێشمه‌رگه‌ بڕیارێكی ژیرانه‌ی دا

‌هادی عامری، ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در

وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در سوپاسی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كرد كه‌ به‌ره‌نگاری هێزه‌كانی فیدڕاڵ نه‌بوه‌ته‌وه‌ و ئه‌و بڕیاره‌شی به‌ "ژیرانه‌" وه‌سفكرد.

هادی عامری، ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در سه‌ركرده‌ی دیاری حه‌شدی شه‌عبی له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ هێزه‌كانی سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا و بنبڕكردنی تیرۆر له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی قۆناغی دووه‌می ئۆپراسیۆنه‌كانیان ته‌واوكرد، ئه‌وه‌ش به‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی خه‌باز و بای حه‌سه‌نی باشور و بای حه‌سه‌نی باكور و كێڵگه‌كانی دوبز.

هادی عامری ئاشكراشیكرد كه‌ پرۆسه‌كه‌ به‌ خاوێنی به‌ڕێوه‌چووه‌ و هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی زیانیان به‌رنه‌كه‌وتوه‌، سوپاسی پێشمه‌رگه‌شی كرد و وتی: "بڕیارێكی ژیرانه‌یان دا به‌وه‌ی به‌ره‌نگاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌ نه‌بنه‌وه‌".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی راگه‌یاندنی حه‌شدی شه‌عبی ئاشكرایكرد كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق و هێزه‌كانی حه‌شد ده‌ستیان به‌سه‌ر كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی بای حه‌سه‌ن له‌ باكوری خۆرئاوای كه‌ركوك گرتوه‌ته‌وه‌.

رۆژی دوشه‌ممه‌ 16ی تشرینی یەکەمی 2017، هێزە عیراقییەکان شاری کەرکوکیان کۆنترۆڵکرد، دواتر ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، چونی هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەو ناوچانە بە رێککەوتن بووە.

بەرەبەیانی دووشەممە، حەیدەر عەبادی سەرۆک، وەزیرانی عیراق هێزە ئەمنییەکانی راسپارد بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان لە پارێزگای کەرکوک، راشیگەیاند، سورن لەسەر پاراستنی‌ سەلامەتی‌ خەڵکی کەرکوک و گەڕاندنەوەی‌ ئاسایش بۆ ئەو شارە، وتیشی "داوا لە پێشمەرگە دەکەین ئەرکەکانی‌ لەژێر فەرمانی‌ حکومەتی‌ ناوەندیدا جێبەجێبکات".

لە بەردەوامیی‌ جموجوڵی‌ هێزە عیراقییەکاندا، رۆژی دووشەممە ئەو هێزانە بەرەو کەرکوک پێشڕەوییان کرد و ناحیەی‌ تازە و بەشێک لە دوزخومارتو وبنکەی‌ سەربازیی‌ کەیوان و چەند شوێنێکی‌ باشوری‌ شاری‌ کەرکوکیان کۆنتڕۆڵکرد و 24 پێشمەرگە شەهیدبوون و 70ی دیكه‌ش برینداربوون.

بەهۆی هێرشی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و کەرکوک له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ پاشه‌كشه‌یان كرد، ئێواره‌ی‌ هه‌مان رۆژ هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ گه‌یشتنه‌ شاری‌ كه‌ركوك و بینای‌ پارێزگایان كۆنتڕۆڵكرد و ئاڵای‌ كوردستانیان داگرت و ئاڵای عیراقیان لە دیوانی پارێزگادا هەڵکرد.

ر.ع


PM:05:44:17/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 18152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو