ژمارەیەك چالاكوان: تۆمەتبارانی رووداوەكەی كەركوك دەستلەكاربكێشنەوە

‌گردبوونەوەی ئەو چالاكوانانە

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
ژمارەیەك چالاكوان لە شاری سلێمانی لە دژی كۆنتڕۆڵكردنی شاری كەركوك و دەوروبەری لەلایەن هێزە عیراقییەكانەوە، داوای دەستلەكاركێشانەوە و دادگاییكردنی تۆمەتبارانی ئەو رووداوە دەكەن.


ئەمڕۆ ژمارەیەك چالاكوان لە باخی گشتی شاری سلێمانی وەكو دەربڕینی ناڕەزایی بۆ رووداوەكانی دوێنێی پارێزگای كەركوك گردبوونەوەیەكیان ئەنجامدا و راگەیەندراوێكیان ئاڕاستەی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی كوردستان و عیراق كرد.

ئەو راگەیەندراوە كە وێَنەیەكی بە وێستگە نیوز دراوە رایانگەیاندووە، هاوڵاتیانی بەشمەینەتی كوردستان وەك ئاگادارن بست بە بستی خاكی كوردستان لە شەنگالەوە تا خانەقین بەخوێنی پێشمەرگە قارەمانەكان نەخشێنراوە و رزگاركرا، بەڵام بەداخەوە سەركردە سیاسییەكان نەیانتوانی بەشێوازێكی دروست پارێزگاری لێبكەن و گفتوگۆ و دانوستانەكان لەپێناو بەرژەوەندی گشتی پەرە پێبدەن.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژەیان بەوەكردووە "بەداخەوە ناپاكی و خۆپەرستی سیاسییەكان برینێكی قوڵی كردە جەستەی نیشتمان و قودسی كوردستانیشیان كردە قوربانی مەرامە گڵاوەكانی خۆیان".

ئەو چالاكوانانە لە راگەیەندراوەكەدا پێنج داواكارییان خستەڕوو لەوانە "پێویستە تۆمەتبارانی ئەم رووداوە بە زوترین كات دەستلەكاربكێشنەوە و دادگایی بكرێن بەتایبەت فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، حكومەت هەڵبوەشێنرێتەوە و حكومەتێكی تەكنۆكرات پێكبهێنرێت لە هەموو لایەنەكان لەژێر چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان".

لە خاڵەكانی دیكەش هاتووە "ئامادەكاریی تەواو بكرێت لە نزیكترین كاتدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، پێویستە لە كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان گیان و ماڵی هاوڵاتیان بپارێزرێت و نەكرێتە قوربانی ململانێ سیاسییەكان، قەرەبووی ماددی و مەعنەوی شەهیدان و زیانلێكەوتوانی روداوەكە بكرێتەوە و داهاتی وڵات بۆ بەرژەوەندیی هاوڵاتیان بەكابهێنرێت نەك شەخس و حزب".





PM:05:10:17/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 1472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو