عەسائیبی ئەهلی حەق سوپاسی پێشمه‌رگه‌ و هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی ده‌كات


وێستگه‌ نیوزـ

عەسائیبی ئەهلی حەق ستایشی هەڵوێستی پێشمەرگە و هه‌ندێك لە سەرکردەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکات کە "رەتیانکردوه‌تەوە بچنە ژێر بەرژەوەندیی جیاخوازەکانەوە."

لە ڕاگەیەندراوێکدا بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق کە گروپێکی چەکداری شیعەیە، رایگه‌یاندوه‌: "دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی کە هێزە چەکدارەکانیان بۆ رزگارکردنی خاکی عیراق تۆماریانکردوە، ئەمڕۆش لەبەردەم سەرکەوتنێکی ترداین کە هیچی کەمتر نییە لەو سەرکەوتنانە چونکە پارێزگاریکردن بووە لە یەکپارچەیی عیراق."

عەسائیبی ئەهلی حەق ئاماژە بەوەکراوە، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگەیەندراوەکەدا ده‌ڵێت: "نابێت لەبیرمان بچێت سوپاسی هەڵوێستی بەرپرسانەی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هەڵوێستی ئازایانەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین، کە بەرژەوەندیی عیراق و کوردستانیان خستە پێش هەموو شتێک، کاتێک رەتیانکردەوە بە دوای بەرژەوەندیی شه‌خسیی جیاخوازی و بنه‌ماڵه‌ییدا رابکێشرێن  کە خزمەت بە پرۆژەکانی ئیسرائیل دەکات و دەیانەوێت گەلی کورد و خواستنەکانی بۆ دابەشکردنی عێراق و ناوچەکە بەکاربهێنن".

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق داوای لە لایەن و حزبە کوردستانییەکانی تر دەکات، هەڵوێستی بەرپرسیارانە بنوێنن و هەلەکە بقۆزنەوە و بگەڕێنەوە بۆ باوەشی نیشتیمان و پابەندبوونی خۆیان بە دەستور ڕابگەیەنن و جیاخوازەکان پەراوێز بخەن.

به‌یاننامه‌كه‌ داوای هەماهەنگیشی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان کردووە لەژێرسایەتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان.

ئەمڕۆ 16ی تشرینی یەکەمی 2017، هێزە عیراقییەکان شاری کەرکوکیان کۆنترۆڵکرد، دواتر ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، چونی هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەو ناوچانە بە رێککەوتن بووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، حەیدەر عەبادی سەرۆک، وەزیرانی عیراق هێزە ئەمنییەکانی راسپارد بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان لە پارێزگای کەرکوک، راشیگەیاند، سورن لەسەر پاراستنی‌ سەلامەتی‌ خەڵکی کەرکوک و گەڕاندنەوەی‌ ئاسایش بۆ ئەو شارە، وتیشی "داوا لە پێشمەرگە دەکەین ئەرکەکانی‌ لەژێر فەرمانی‌ حکومەتی‌ ناوەندیدا جێبەجێبکات".

لە بەردەوامیی‌ جموجوڵی‌ هێزە عیراقییەکاندا، ئەمڕۆ ئەو هێزانە بەرەو کەرکوک پێشڕەوییان کرد و ناحیەی‌ تازە و بەشێک لە دوزخومارتو وبنکەی‌ سەربازیی‌ کەیوان و چەند شوێنێکی‌ باشوری‌ شاری‌ کەرکوکیان کۆنتڕۆڵکرد و زیاتر لە 10 پێشمەرگە شەهیدبوون و 40ی دیكه‌ش برینداربوون.

بەهۆی هێرشی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و کەرکوک له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ پاشه‌كشه‌یان كرد، ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆش هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ گه‌یشتنه‌ شاری‌ كه‌ركوك و بینای‌ پارێزگایان كۆنتڕۆڵكرد و ئاڵای‌ كوردستانیان داگرت.

ر.ع


PM:07:58:16/10/2017




ئه‌م بابه‌ته 4794 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو