سوریا داوا له هێزه‌كانی توركیا ده‌كات ده‌ستبه‌جێ له خاكی وڵاته‌كه‌ی بچنه ده‌ره‌وه
وێستگه نیوزـ
سه‌رچاوه‌یه‌كی ره‌سمی له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رژێمی سوریا به‌توندی ئیدانه‌ی له‌شكركێشیی سوپای توركیای له شاری ئیدلب كرد و داوایكرد ده‌ستبه‌جێ ئه‌و هێزه توركیانه له خاكی وڵاته‌كه‌ی بچنه ده‌ره‌وه.
ئاژانسی سانا-ی زمانحاڵی رژێمی سوریا له‌زار ئه‌و سه‌رچاوه ره‌سمییه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی بڵاویكردوه‌ته‌وه كه له‌شكركێشییه‌كه‌ی توركیا بۆ شاری ئیدلب له دور و نزیكه‌وه په‌یوه‌ندیی به‌و لێكگه‌یشتنانه‌وه نییه كه وڵاتان له كۆبونه‌وه‌ی ئه‌ستانا پێی گه‌یشتون، به‌پێویستیشی زانیووه توركیا پابه‌ند بێت به‌وه‌ی كه له ئه‌ستانا له‌سه‌ری رێككه‌وتون.
به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوریا داواشی له‌و هێزه توركیانه كردوه ده‌ستبه‌جێ خاكی وڵاته‌كه‌ی به‌بێ هیچ مه‌رجێك به‌جێبهێڵن و رایگه‌یاندوه: "ئه‌و له‌شكركێشییه دوژمنایه‌تییه‌كی رونه و رژێمی توركیا ناتوانێت هیچ جۆره بیانویه‌كی بۆ بهێنێته‌وه".
یه‌كشه‌ممه‌ی رابردو سوپای توركیا پرۆسه‌یه‌كی پشكنینی له‌ناو شاری ئیدلب-ی سوریا بۆ دانانی 10 خاڵی چاودێری ده‌ستپێكرد و رایگه‌یاند كه به‌پێی رێككه‌وتنی ئه‌ستانا توركیاش یه‌كێكه له لایه‌نه‌كانی ناو "هێزی چاودێریكردنی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاڵۆزی" كه له توركیا و روسیا و ئێران پێكهاتووه.
له مانگی ئه‌یلولی رابردودا وڵاتانی ناو رێككه‌وتنی ئه‌ستانا رایانگه‌یاند كه له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتون ناوچه‌یه‌ك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاڵۆزی له‌شاری ئیدلب دروست بكه‌ن و هه‌وڵی چه‌سپاندنی ئاگربه‌ست بده‌ن، وه‌ك سه‌رچاوه‌كانی توركیا ئاماژه‌یان پێداوه قۆناغی یه‌كه‌می ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش به‌وه ده‌ستپێده‌كات كه سوپای توركیا له ناوچه‌كانی نێوان ئیدلب و عه‌فرین-ی سه‌ربه پارێزگای حه‌له‌ب بڵاوببێته‌وه.
سوپای توركیا به‌نیازه له‌و پرۆسه‌یه‌یدا له شاری عفرین نزیك بێته‌وه كه له‌ژێر سنوری وڵاته‌كه‌ی نزیكه و له‌ژێر كۆنتڕۆڵی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل په‌كه‌كه‌دایه.
ر.ع
PM:08:08:14/10/2017
ئه‌م بابه‌ته 2688
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت