باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ عیراق هۆشداری دەداتە هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی

‌پەیامی ئەمنیی باڵێوزخانەی ئەمریکا

وێستگه‌ نیوزـ

باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ عیراق هۆشداری ده‌داته‌ هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی به‌بێ ڤیزای توركیا و عیراق له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان نه‌په‌ڕنه‌وه‌.

له‌ئاگادارییه‌كه‌دا كه‌ له‌لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ عیراق ئاگادارییه‌كی بۆ هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ و پێی راگه‌یاندون كه‌ له‌ رۆژی 8ی تشرینی یه‌كه‌می 2017ه‌وه‌، حكومه‌تی توركیا پێدانی ڤیزای سه‌ر كاغه‌ز و ڤیزای ئه‌لیكترۆنیی له‌ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان راگرتووه‌.

له‌ ئاگادارییه‌كه‌یدا باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ عیراق به‌پێویستی زانیووه‌ هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی به‌بێ ئه‌و ڤیزانه‌ی له‌لایه‌ن هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و توركیاوه‌ ده‌رده‌كرێت، له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی عیراق و توركیا هاتوچۆ نه‌كه‌ن.

هه‌ر له‌ ئاگادارییه‌كه‌دا باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ عیراق دوباره‌ هۆشداریی داوه‌ به‌ هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌موو كات و ساتێكدا له‌ ماوه‌ی مانه‌وه‌یان له‌ عیراق له‌وپه‌ڕی وشیاریی ئه‌منیدا بن و رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایشی سه‌روماڵیان بگرنه‌به‌ر.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئەلێکساندەر ڤوچیچ-ی هاوتا سربییەکەی، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە هەڵپەساردنی کارەکانی پێدانی ڤیزە لە نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکادا، رایگەیاند ''سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئێمە لە دروستکردنی ئەم کێشەیەدا دەستپێشخەر نەبوین، ئەوەی کێشەکەی ناوەتەوە خودی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، ئەمە جگە لەوەی پەیوەندیینەکردنی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بە تایبەت وەزارەتی دەرەوەمانەوە بە نامۆی دەبینم. هەستانی باڵیۆزێک لە ئەنقەرە بە کارێکی لەوشێوەیە و بڕیاردانێکی لەوجۆرە، دواتریش گوتنی ئەوەی کە 'من ئەو بڕیارەم بەناوی وڵاتەکەمەوە داوە' جێگەی تێڕامانە''.

ئەردۆغان راشیگەیاند: ''ئەم سیخوڕانە چۆن دزەیان کردە نێو کوسوڵخانەی ئەمریکاوە؟ ئەگەر دزەیان نەکردوەتە کونسوڵخانەی ئەمریکا، ئەوا کێ ئەمانەی لەوێ دانا؟ پێویستە هەڵوه‌ستە لەسەر ئەمە بکرێت، هیچ دەوڵەتێک رێگە بەو جۆرە سیخوڕانە نادات کە لەناوخۆوە هەڕەشەی لێدەکەن''.

دواتر سەبارەت بە جۆن باس، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ ئه‌نقه‌ره‌، سه‌رۆك كۆماری توركیا وتی: "سه‌ردانی ماڵئاوایی ئه‌نجام ده‌دات و له‌ ئێستادا چ وه‌زیرانمان چ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و خۆشم پێشوازییمان له‌و سەردانانەی نه‌كردووه‌ و پێشوازیی لێناكه‌ین، زۆر به ‌روونی ده‌یڵێم چونکە ئەو وه‌ك نوێنه‌ری ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ توركیا نابینین".

ئه‌ردۆغان وتیشی: "ئه‌گه‌ر باڵیۆزەکە له‌خۆیه‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی دابێت، ئه‌وا پێویسته‌ ئیداره‌ی باڵای ئه‌مریكا یه‌ك خوله‌ك ئه‌و باڵیۆزه‌ لەو پۆستەدا نەهێڵێتەوە، پێویسته‌ پێی بڵێن تۆ چۆن په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا-ئه‌مریكا تێكده‌ده‌یت، كێ ده‌سه‌ڵاتی له‌و شێوه‌یه‌ی بە تۆ داوە؟' ئه‌گه‌ر باڵیۆزی ئێمە کارێکی له‌و شێوه‌یه‌ بكات، یه‌ك كاتژمێر له‌وێ نایھێڵینه‌وه‌".

ر.ع


PM:08:43:10/10/2017




ئه‌م بابه‌ته 7454 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو