کاریگەرییەکانی داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەرێم لەسەر کەرتی بازرگانی


وێستگه‌ نیوز ـ
وتەبێژی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر رایگەیاند، "پێشتریش بە هۆی شەڕی دژ بە داعش، جموجۆڵی بازاڕی زێڕ تۆزێک سستی بەخۆیەوە بینی بوو، بەڵام دوای داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زێڕ گۆڕانکارییەکی بەسەردا هاتووە".

هەندرێن وەرتی، وتەبێژی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ وتی: "پێش داخستنی فڕۆکەخانەکان بازاڕی هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانیکی ناوخۆیی ببووەوە لە هەموو سێکتەرەکانی ئابووری چونکە شەڕی داعش کاریگەرییەکی خراپی دروست کردبوو، لەو ماوەیەی کە فڕۆکەخانەیش داخراوە، ئەوا بە شێوەیەکی رێژەیی کاریگەری کردووەتە سەر ئابووری هەرێمی کوردستان، بەڵام لەوەش خراپتر کاریگەری کردووەتە سەر ناوەڕاست و باشووری عیراق، بۆ نموونە لە شاری بەغدا نەک هەر زێڕ رووبەڕووی ئەو قەیرانە بووەتەوە بەڵکو کاریگەری لەسەر بازاڕی سەوزە و میوەش کردووە".

هەندرێن وەرتی وتیشی: "دوێنێ بازرگانانی شاری نەجەف ناڕەزایەتییان پێشکەش بە حکومەتی عیراقی کردووە و داوای مانگرتن دەکەن، رەنگە زێڕنگەرانی عیراق بێنە دەنگ، هەرچەندە هەرێمی کوردستان یەدەگێکی باشی هەیە و دەتوانێت بەکاری بهێنێت".

وتەبێژی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر، ئەوەشی ئاشکرا كرد: نزیکەی دوو هەزار کۆمپانیای تورکیا لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و ئەوانیش رووبەڕووی ئەو قەیرانە دەبنەوە و وتی: "ئێمە داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەکەین کە رۆڵی خۆیان ببینن، بەتایبەت تورکیا، چونکە نزیکەی دوو هەزار کۆمپانیای ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستانە، ئێستا بازرگانەکانی تورکیا کە لە هەرێمی کوردستان کێشەیان بۆ دروست بووە و ناتوانن زێڕ هاوردە بکەن".

سەبارەت بە جۆر و سەرچاوەی ئەو وڵاتانەی کە زێڕی لێ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، هەندرێن وتی: "ئێمە بازرگانیمان لەگەڵ هەریەک لە دوبەی و تورکیا هەیە و زێڕینگەرەکانی ئێمە لەو وڵاتانە زێڕ هاوردە دەکەن، بەڵام ئەگەر سەیر بکەین ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ تورکیا و دوبەی هەیە لەسەر بنەمای حەواڵەکردن، ئەگەر فڕۆکەخانەکان هەر بە داخراوی بمێننەوە ئەوا بە دڵنیاییەوە زەرەرمەندی یەکەم بازرگانەکانی تورکیا و زەرەرمەندی دووەم بازرگانەکانی عیراق و زەرەرمەندی سێیەم دوبەی و زەرەرمەندی چوارەم بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەبن".

بە وتەی هەندرێن وەرتی، ژمارەی زێڕنگەران لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو هەزار زێڕنگەر دەبێت و لەم ژمارەیەش 500 زێڕنگەر لە سنووری شاری هەولێر کار دەکەن، ئەمەش وایکردووە کەمتر کۆنتڕۆڵی رێژەی کڕین و فرۆشتن بکرێت.

هه‌ندرێن ئاماژە بەوە دەکات کە خەریکی ئەوەن زێڕنگەران بە پێی پیشەکانییان پۆڵێن بکەن و وتی: "ئێمە ناتوانین رێژەی کڕین و فرۆشتن کۆنتڕۆڵ بکەین، چونکە رێژەی زێڕنگەران زیاد بووە. لە شاری هەولێر 500 زێڕنگەرمان هەیە و ئەو زێڕنگەرانە جموجۆڵ و چالاکییان هەیە و خەریکین بە پێی پیشەکانییان زێڕنگەران پۆڵین بکەین و پێمان وایە نابێت بازرگانان باجی سیاسەت بدەن و بخزێنە ناو یاریی سیاسییەکان، بۆیە ئەگەر فڕۆکەخانەکان نەکرێنەوە ئەوا دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە بە رێگای وشکاییدا زێڕەکە بهێنینە ناو هەرێمی کوردستان".

سەبارەت بە رێژەی هاوردە و هەناردەی زێڕیش بۆ ئەمساڵ، هەندرێن وەرتی وتی: "تا ئیستا ساڵی نوێ تێپەڕ نەبووە بەڵام لە بەڕێوەبەرایەتی پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆری 25 ته‌ن زێڕ پشکنینی بۆ کراوە بە بەراورد بە ساڵی 2013 کە 114 ته‌ن بووە". 

هاوکات یەکێک لە زێڕنگەرەکانیش ئاماژە بەوە دەکات کە داخستنی فڕۆکەخانەکان زیاتر کاریگەری کردووەتە سەر ناوەڕاست و باشووری عیراق ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە هاوردەکردن بە ئاسمانی هەرێمی کوردستان خەرجی کەمترە.

زێڕنگەر، نزار رواندزی کە یەکێکە لەوانەی ئاڵۆگۆڕی مامەڵەی لەگەڵ وڵاتاندا هەیە و بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ وتی: "ئەو ئابلۆقەیە کە خراوەتە سەر فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، کاریگەریی هەیە بەڵام وەک ئەو ئاستە نییە کە کاریگەری خستووەتە سەر عیراق، ئێمە ئاڵۆگۆڕییەکی زۆرمان هەیە لەگەڵ تورکیا و ئێران و داوا دەکەین کە سیاسەت تێکەڵ بە بازرگانی نەکرێت و بتوانین بەردەوامبین لە بارزگانی کردن".

سەبارەت بە رێژەی هاوردەکردنیش، نزار رواندزی وتی: "بۆ نموونە، جاران ئەگەر بازرگانێک سەد کیلۆگرام زێڕی هاوردە بکردایە و ئێستا ناتوانێت هیچ هاوردە بکات، بۆیە ئێمە دەمانەوێت رێگایەک بکرێتەوە بۆ بازرگانی نەک هەر تەنها بابەتی زێڕ بەڵکو بۆ ئاڵوگۆڕی تەواوی بازرگانی دیکە".

ئێوارەی رۆژی 29ی ئەیلوولی رابردوو بە بڕیاری حکوومەتی بەغدا، گەشتی ئاسمانییەکانی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی وەستا و تاکو ئێستاش ئەم بڕیارە درێژەی هەیە و تەنها رێگا بە گەشتە ناوخۆییەکان دەدرێت.

هــ. ر


PM:02:45:10/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 3124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو