قادر حەمەجان: كۆچی‌ دوایی‌ سەرۆک مام جه‌لال كاریگه‌ری‌ زیاتری‌ له‌سه‌ر یه‌كێتی‌ ده‌بێت

‌قادر حەمەجان

وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال
حاكم قادر حه‌مه‌جان، كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ رایده‌گه‌یه‌نێت،  كۆچی‌ دوایی‌ جه‌نابی‌ مام جه‌لال كاریگه‌ری‌ زیاتری‌ له‌سه‌ر یه‌كێتی‌ ده‌بێت، جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش درێژه‌پێده‌ری‌ رێبازه‌كه‌ی‌ ده‌بن.

حاكم قادر حه‌مه‌جان كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ دوای‌ سه‌ردانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و سه‌ركردایه‌تی‌ حزبه‌كه‌ی‌ بۆ سه‌ر گڵكۆی‌ سه‌رۆك مام جه‌لال به‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ راگه‌یاند، كۆچی‌ دوایی‌ جه‌نابی‌ مام جه‌لال ته‌نها كۆچی‌ دوایی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ نییه‌، به‌ڵكو جه‌ماوه‌ری‌ كوردستان و گه‌لانی‌ عیراق سه‌لماندیان كه‌ جه‌نابی‌ مام جه‌لال سه‌ركرده‌یه‌كی‌ مه‌زن بووه‌، داكۆكی‌ له‌ مافی‌ مرۆڤ و ئازادی‌ كردووه‌.

ناوبراو وتی‌ "كۆچی‌ دوایی‌ جه‌نابی‌ مام جه‌لال كاره‌ساتێكی‌ گه‌وره‌یه‌ و كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ئازادی‌ و دیموكراسی‌ ده‌بێت، ئومێده‌وارین به‌ هه‌موو لایه‌ك بتوانین ئه‌و ئامانجانه‌ی‌ كه‌ جه‌نابی‌ مام جه‌لال له‌ هه‌ڕه‌تی‌ لاوێتییه‌وه‌ خه‌باتی‌ بۆ كردبوو درێژه‌پێده‌ری‌ رێبازه‌كه‌ی‌ بین تا گه‌له‌كه‌مان به‌ ئامانجه‌كانی‌ خۆی‌ بگات كه‌ مافی‌ چاره‌نووس و سه‌ربه‌خۆیییمانه‌ ئه‌وه‌ش مافێكی‌ دیموكراتی‌ و یاساییه‌ و پێچه‌وانه‌ نییه‌ له‌گه‌ڵ بڕیار و یاسا نیوده‌وله‌تییه‌كان و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان".

حاكم قادر جه‌ختیكرده‌وه‌ "داوای‌ گه‌له‌كه‌مان داوای‌ ره‌وایه‌ و ئومێده‌وارین په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ر و دراوسێ باشتر بكه‌ین و پشتیوانیمان بن بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانین ئاشتی‌ له‌ ناوچه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست به‌رقه‌رار بكه‌ین، دیاره‌ ئاشتیش به‌رقه‌رار نابێت تا نه‌ته‌وه‌ی‌ ئێمه‌ش به‌ مافی‌ چاره‌نووسی‌ خۆی‌ نه‌گات ئه‌و مافه‌ی‌ كه‌ گه‌له‌كه‌مان بڕیاری‌ لێده‌دات".

ناوبراو وتیشی‌ "ئێمه‌ش وه‌كو یه‌كێتی‌ پابه‌ندین به‌ بڕیاری‌ گه‌له‌كه‌مانه‌وه‌ كه‌ گه‌ل سه‌رچاوه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌، بۆیه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی‌ گه‌ل داویه‌تی‌ به‌ره‌و مافی‌ چاره‌نووس و سه‌ربه‌خۆیی‌، پابه‌ندین پێوه‌ی‌".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ بۆ دوای‌ كۆچی‌ دوایی‌ سه‌رۆك مام جه‌لال، حاكم قادر وتی‌ "دیاره‌ كۆستی‌ ئه‌م پیاوه‌ مه‌زنه‌ كاریگه‌ری‌ زیاتری‌ له‌سه‌ر یه‌كێتی‌ ده‌بێت، ئێمه‌ش ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ی‌ كه‌ ئه‌و دایڕشتبوو درێژه‌پێده‌ری‌ رێبازه‌كه‌ی‌ ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانین یه‌كێتی‌ ناو یه‌كێتی‌ بپارێزین، په‌یوه‌ندییه‌كانیشمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان درێژه‌ پێبده‌ین، ئه‌وه‌ش به‌ یه‌كڕیزی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان".

هــ. ر


PM:01:50:10/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 1676 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو