باڵیۆزی عیراق له‌ ئه‌نقه‌ره‌: ئه‌گه‌ر پێویست بكات به‌غدا په‌نا بۆ به‌كارهێنانی هێز ده‌بات

‌هشام عه‌لی ئه‌كبه‌ر عه‌له‌وی، باڵیۆزی عیراق له‌ توركیا

وێستگه‌ نیوزـ

باڵیۆزی عیراق له‌ ئه‌نقه‌ره‌ رایگه‌یاند بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان به‌غدا ده‌توانێت هێز به‌كاربهێنێت ئه‌گه‌ر پێویستی كرد.

هشام عه‌لی ئه‌كبه‌ر عه‌له‌وی، باڵیۆزی عیراق له‌ توركیا له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌ باره‌گای باڵیۆزخانه‌ی عیراق له‌ ئه‌نقه‌ره‌ رایگه‌یاند: له‌پێناو گرتنه‌ده‌ستی ئیداره‌ی ده‌روازیی سنوریی خابور (ئیبراهیم خه‌لیل)، له‌وانه‌یه‌ عیراق هێزیش به‌كار بهێنێت ئه‌گه‌ر پێویستی كرد.

باڵیۆزی عیراق له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ئاشكراشیكرد كه‌ حاڵی حازر عیراق و توركیا له‌ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی سنوریی نوێ له‌نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌گه‌رێن، ئه‌وه‌ش له‌پێناو په‌ره‌پێدان و هاوكاری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بۆ قۆناغی داهاتووش هه‌نگاوی به‌رچاو له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌نرێت.

ئاشكراشیكرد كه‌ ئاماده‌كاری ده‌كرێت بۆئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا سه‌ردانێكی بیناڵی یڵدرم، سه‌رۆك وه‌زیرانی توریكا بۆ به‌غدا رێكبخرێت، چونكه‌ هه‌ردوو حكومه‌ت پێویسته‌ روبه‌ڕو كۆببنه‌وه‌.

 هشام عه‌لی ئه‌كبه‌ر عه‌له‌وی ئه‌وه‌شی به‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی یڵدرم بۆ به‌غدا ته‌نها بۆ تاوتوێكردنی ریفراندۆم نییه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌مانكاتدا پرسه‌ هاوشه‌به‌ گرنگه‌كانی ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كرێن.

ر.ع


PM:06:16:06/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 5800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو