"بانگهێشتكردنی عەبادی بۆ فه‌ره‌نسا په‌یوه‌ندی‌ به‌ ریفراندۆمه‌وه‌ نییه‌"


وێستگه‌ نیوزـ
نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ بانگهێشتكردنی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌لایه‌ن سه‌رۆكی‌ فه‌ره‌نساوه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ نییه‌.

ئه‌مڕۆ نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست وێستگه‌ نیوز كه‌وتووه‌، رایگه‌یاند كه‌ "له‌ 26ی‌ ئابدا و له‌كاتی‌ سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ به‌غدا، له‌لایه‌ن وه‌زیرانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ و به‌رگری‌ فه‌ره‌نسا بانگهێشتنامه‌ی‌ ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی‌ فه‌ره‌نسا پێشكه‌شی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیران كراوه‌".

نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق ده‌ڵێت: "بانگهێشتكردنه‌كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌ كێشه‌ی‌ ریفراندۆمه‌ ناده‌ستوورییه‌كه‌وه‌ نییه‌".

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "ئامانج له‌ سه‌ردانه‌كه‌ به‌هێزكردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان و ته‌ركیز خستنه‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ تیرۆره‌ له‌ ناوچه‌كه‌ دوای‌ سه‌ركه‌وتنه‌ به‌رچاوه‌كانی‌ عیراق له‌و بواره‌دا".

نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ عه‌بادی‌ ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "له‌ دواپه‌یوه‌ندی‌ ته‌له‌فۆنی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی‌ فه‌ره‌نسا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باس له‌ (پێویستی‌ داننان به‌ مافه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد) نه‌كراوه‌ وه‌ك چۆن میدیای‌ كوردی‌ بره‌وی‌ پێده‌ده‌ن".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ "به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا ئیدانه‌ی‌ سووربوونی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم و دروستكردنی‌ ناسه‌قامگیری‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا كراوه‌".

پێشتر کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا لە راگەیه‌ندراوێکدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عیراقی ئاگادارکردووەتە کە دەبێت بەغدا خۆی لە پەرەسەندنی گرژییەکان بەدووربگرێ و دان بە مافی گەلی کورددا بنێت".

لە کاردانەوەی‌ ریفراندۆمەکەی‌ هەرێم حکومەتی‌ عیراق بڕیاریدا فڕۆکە خانەکان و دەروازە سنورییەکانی‌ هەرێم بخاتە ژێر دەسەڵاتی‌ حکومەتی‌ ناوەندییە، بەڵام حکومەتی‌ هەرێم ئەو بڕیارانەی‌ رەتکردەوە و بە نایاسایی‌ و نادەستوری‌ لە قەڵەمی‌ دا.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە ڕۆژی 26ی ئەم مانگە، حکومەتی عیراق بڕیاریدا ئەگەر تا سێ رۆژی تر گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێم نەخرێتە ژێر کۆنترۆڵی بەغداوە، گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو فڕۆکەخانانە قەدەغە دەکرێت و ئێوارەی ئەمرۆش 29 ی ئەیلول بڕیارەکە خرایە بواری جێبەجێ کردنەوە.

دواتر دەسەڵاتی فڕۆکەوانی‌ عیراق داوای لە سەرجەم هێڵە بیانییەکان کرد گەشتەکانیان بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی‌ هەولێرو سلێمانی‌ ڕاگرن، هاوکات لەدوای ئەو بڕیارەشەوە چەند وڵاتێک ڕاگرتنی گەشتەکانیان بۆ هەرێم راگەیاندووە.


AM:11:04:30/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 4376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو