رۆیته‌رز: هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاوی هه‌رێم له‌ به‌نده‌ری جیهانه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌

‌کیڵگە نەوتێکی هەرێمی کوردستان

وێستگه‌ نیوز - 

ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردسان له‌ توركیاوه‌ ئاساییه‌.

ئاژانسه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ تا سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ نه‌وتی هه‌رێم وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی ده‌ڕوات.

پێشتریش حكومه‌تی عیراق داوای له‌ وڵاتانی بیانی كرد بارزگانیی نه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان رابگرێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی به‌ڕێوه‌چونی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم.

هەر ئەمڕۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند كه‌ ئه‌گه‌ر توركمانه‌كان بكرێنه‌ ئامانج، به‌ ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌.

مه‌ولود چاوش ئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ 25ی ئه‌یلولی 2017 رایگه‌یاند كه‌ ئه‌گه‌ر توركمانه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان بكرێنه‌ ئامانج ئه‌وا ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی ده‌كه‌ن.

لێدوانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا به‌هۆی به‌ڕێوه‌چونی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

هاوکات ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری‌ توركیا وتارێكی‌ پێشكه‌ش كرد و تیایدا رایگه‌یاند كه‌ ریفراندۆمی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نایاساییه‌ و قبوڵی‌ ناكه‌ن.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان وتی‌: "هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانمان رێوشوێنی‌ پێویستیان له‌سه‌ر سنووری‌ عیراق گرتووه‌ته‌به‌ر".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ جگه‌ له‌ ئیسرائیل كه‌س پشتیوانی‌ ریفراندۆم ناكات و پێویسته‌ ئیسرائیل له‌ پشتگیركردنی‌ كوردانی‌ عیراق پاشگه‌ز بێته‌وه‌.

سه‌رۆك كۆماری‌ توركیا وتیشی‌: "دادگا و ده‌ستووری‌ عیراق رێگه‌ به‌ ریفراندۆم ناده‌ن و وای‌ داده‌نێین ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌كراوه‌".

راشیگه‌یاند كه‌ "داوامان له‌ كورد كرد ریفراندۆم ئه‌نجام نه‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌نجامیان دا و باجه‌كه‌شی‌ ده‌ده‌ن و هه‌موو بژارده‌یه‌ك بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ‌ ریفراندۆم كراوه‌یه‌".

سه‌رۆك كۆماری‌ توركیا ئاشكراشیكرد كه‌ "فرۆشتن و هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ باكووری‌ عیراق راده‌گرین".


PM:02:50:25/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 3340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو