ئەردۆغان و ڕۆحانی: ڕیفراندۆمی هەرێم ناوچەکە ڕووبەڕووی ئاژاوە دەکاتەوە

‌رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران

وێستگە نیوز-

نوسینگەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، بڵاویکردەوە، ئەردۆغان و حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران دەربارەی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کردووە و مەترسی خۆشیان نیشانداوە کە ببێتە هۆی ئاژاوە لە ناوچەکەدا.

نوسینگەی سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ یەک شەممە بڵاویکردەوە، ئەردۆغان و حەسەن ڕۆحانی هاوتا ئێرانییەکەی بە تەلەفۆن گفتوگۆیان کردووە سەبارەت بە ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە سبەینێ 25ی ئەیلول بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی نوسینگەی ئەردۆغان لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا ئەردۆغان و ڕۆحانی مەترسی خۆیان نیشانداوە سەبارەت بەوەی کە ڕیفراندۆم ببێتە مایەی ئاژاوە و بێسەروبەری لە ناوچەکەدا.

لەبەشێکی تری راگەیەندراوەكەی نوسینگەی سەرۆک کۆماری تورکیادا هاتووە، هەردولا ڕایانگەیاندووە، هەڵنەوەشاندنەوەی ڕیفراندۆمی هەڕێمی کوردستان دەبێتە مایەی ئاژاوە لە ناوچەکەدا و جەختیشکراوەتەوە لەو بایەخە گرنگەی کە تورکیا و ئێران هەیانە بۆ یەکپارچەیی عێراق.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بڕیاریدا سنوری ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی هەرێمی کوردستاندا دابخات، جەختیشی کردەوە ئەو کارە لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی بەغدا بووە.

ئەنجومەنەکە بڕیاریدا ئەگەر هەرێم لە عێراق جیاببێتەوە سەرجەم خاڵە سنورییەکانیشی بەڕوودا دادەخات.

هاوشێوەی تورکیا، بەر لە چەند کاتژمێرێک لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێم، سوپای پاسدارانی ئێران مانۆڕێکی سەربازیی لە نزیک سنورەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد و سنوری ئاسمانیشی بەڕووی هەرێمی کوردستاندا داخست.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران لە زاری دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە ڕایانگەیاند، مانۆڕەکە ناوی (موحەڕەم)ی لێنراوە و بەشێکە لە چالاکییەکی ساڵانە کە لە ساڵیادی دەستپێکردنی جەنگی 8 ساڵەی ئێران عێراقدا ئەنجام دەدرێت.

لە مانۆڕەکەدا یەکەکانی تۆپخانە و زریپۆش و کۆپتەر و مووشەک و هەزاران سەرباز بەشداریی دەکەن.

ئەگەر چی تاران بە فەرمی ناڕەزایی بەرامبەر بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان نیشانداوە و بەڵێنیداوە سزای سیاسی و ئابوری هەرێم بدات، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن، مانۆڕەکە کە لە پارێزگای کرماشان (قەسر شیرین) لە نزیک مەرزی پەورێزخان ئەنجام دەدرێت، هیچ پەیوەندی بە ڕیفراندۆمەکەوە نیە.


د.ف


PM:09:37:24/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 3028 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت