ئه‌نجومه‌نی وزاری حكومه‌تی عیراق داوایه‌ك له‌دژی فەرمانبەرەکانی لە هەرێم دەکات

‌بەشێک لە کۆبونەوەکە

وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌نجومه‌نی وزاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق داوا له‌ داواكاری گشتی ده‌كات لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق بكات كه‌ رێوشوێنه‌كانی ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.

له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی یه‌كشه‌ممه‌ 24ی ئه‌یلولی 2017، ئه‌نجومه‌نی وزاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق رایگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌لای ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی سبه‌ینێی هه‌رێمی كوردستان به‌ رێوشوێنێكی تاكه‌ لایه‌نه‌ و ناده‌ستوری ده‌زانێت كه‌ ئاسایش و سه‌قامگیری وڵات ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ داواشی له‌ داواكاری گشتی كردووه‌ رێوشوێنی یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق بگرێته‌به‌ر كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن و رێوشوێنه‌كانی ریفراندۆم جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا كه‌ نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانیی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، هاتووه‌: "له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وزاریی ئاسایشی نیشتمانیی حكومه‌تی عیراقدا تاوتوێی ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌ كه‌ ریفرانۆم دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و قه‌یرانی زیاتر ده‌بات و رێگه‌ش له‌ سه‌رجه‌م هه‌موو ئه‌و هه‌وڵه‌ بنیادنه‌ره‌ نیشتمانییانه‌ دگرێت كه‌ حكومه‌ت بۆ قۆناغی دوای داعش هه‌نگاوی بۆ ده‌نێت."

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌ن جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ناكرێت سیاسه‌تی ئه‌مری واقع به‌زه‌بری هێز بسه‌پێندرێت، به‌گرنگیشی زانیووه‌ كه‌ باز به‌سه‌ر ده‌ستوردا نه‌درێ و به‌رژه‌وه‌ندی و مافی هاوبه‌شكانی دیكه‌ی ناو نیشتمان پێشێل نه‌كرێت.

به‌یاننامه‌كه‌ رونیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌ن له‌و رێوشوێنانه‌ش ده‌كۆڵێته‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك لایه‌نی دیاریكراوی وه‌ك تیمی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سامانی عیراق گرتویانه‌ته‌به‌ر بۆ چاودێریكردنی حساباتی هه‌رێمی كوردستان و به‌رپرسه‌كانیان،ئه‌وانه‌ی پاره‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت ده‌خه‌نه‌ حسابی خۆیان.


PM:08:48:24/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 9008 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو