حكومه‌تی به‌غدا داوای راده‌ستكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌روازه‌ و فڕۆکەخانەکانی هه‌رێم ده‌كاته‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

حكومه‌تی عیراق داوا ده‌كات هه‌رێمی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی راده‌ست بكاته‌وه‌ به‌ فڕۆكه‌خانه‌كانیشه‌وه‌.

نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانیی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ حكومه‌تی عیراق داوای له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنورییه‌كان به‌ فڕۆكه‌خانه‌كانیشیه‌وه‌ راده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدڕاڵ بكاته‌وه‌ و داواشی له‌ سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان كردووه‌ له‌ هه‌ردوو دۆسه‌ی ده‌وازه‌ سنوریییه‌كان و نه‌وتدا "راسته‌وخۆ و تەنها" مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ن.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌ كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وزاریی عیراق بۆ ئاسایشی نیشتمانی باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ كێشه‌ی ئابوری و موچه‌ و په‌كخستنی په‌رله‌مان و ده‌ركردنی وه‌زیره‌كان و قۆرغكردنی سیاسی و ئه‌منی له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌نێكی دیاریكراوه‌وه‌، كێشه‌ی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ و كه‌سانی دیكه‌ لێی به‌رپرسن نییه‌، به‌تایبه‌ت سیاسیه‌تی ناشه‌فاف و ناده‌ستوری له‌ چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن به‌ سامانی نیشتمانی كه‌ سامانی سه‌رجه‌م گه‌لانی عیراقه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا باس له‌وه‌شكراوه‌ كه‌ به‌وپێیه‌ی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان سه‌ربه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندین و نه‌وتیش به‌پێی ده‌ستور، سامانی سه‌رجه‌م گه‌لانی عیراقه‌، هه‌ربۆیه‌ حكومه‌تی عیراق هه‌رێمی كوردستان راده‌سپێرێت سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنورییه‌كان فڕۆكه‌خانه‌كان راده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌ند بكاته‌وه‌، تا به‌غدا ده‌سه‌ڵاتی جوڵه‌ی كه‌لوپه‌ل و هاتوچۆی هاوڵاتیان له‌ هه‌رێمه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بگرێته‌وه‌ ده‌ست.

به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌، حكومه‌تی عیراق خۆی به‌ به‌رپرسیار به‌رامبه‌ر هه‌موو شتێك ده‌زانێت كه‌ په‌یوه‌یسته‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هاوڵاتیان و ئاسایش و خۆشگوزه‌رانی و باشتركردنی ژیانیان له‌هه‌ر بستێكی خاكی عیراق بێت به‌ هاوڵاتیانی كوردی عیراقیشه‌وه‌.

به‌یاننامه‌كه‌ ده‌شڵێت كه‌ حكومه‌تی عیراق پابه‌نده‌ به‌ به‌جێگه‌یانی سه‌رجه‌م ئه‌ركه‌ ده‌ستورییه‌كانی به‌تایبه‌ت له‌ به‌رگریكردن له‌ یه‌كپارچه‌یی و سه‌روه‌ریی و ئاسایش و سه‌قامگیریی عیراق و گه‌له‌ی به‌ هه‌موو شێوازێك كه‌ ده‌ستور له‌خۆی گرتووه‌.

ده‌شڵێت: "ناكرێت نكوڵی له‌ گه‌نده‌ڵی بكرێت كه‌ په‌تایه‌كی ترسناكه‌ و زیانی به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لانی عیراق گه‌یاندووه‌ به‌ گه‌له‌كه‌شمان له‌ كوردستان، بۆیه‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌لایه‌ن هه‌موانه‌وه‌ به‌تایبه‌ت حكومه‌تی ناوه‌ند، پرسێكه‌ كه‌ ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێت چونكه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیی به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌".

جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی سه‌ربه‌ حكومه‌تی عیراق له‌ كۆبونه‌وه‌ی به‌رده‌وامدایه‌ بۆ چاودێریكردن و چاره‌سه‌ركردنی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌و ریفراندۆمه‌ی كه‌ هه‌رێمی كوردستان سازی ده‌كات

 


PM:08:40:24/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 13444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو