جه‌عفه‌ری: ده‌وڵه‌ت نه‌ماوه‌ دژی ریفراندۆم نه‌بێت

‌ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق ئەمڕۆ یەکشەممە رایگه‌یاند هیچ ده‌وڵه‌تێك له‌ جیهاندا نه‌ماوه‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستانی ره‌تنه‌كردبێته‌وه‌.

له‌ په‌راوێزی كۆبونه‌وه‌ی ژماره‌ 72ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ نیویۆرك، ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق رایگه‌یاند: "هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ی به‌سه‌ر كه‌ له‌ هه‌موو جیهان و وڵاتانی عه‌ره‌ب و رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی و ئه‌نجومه‌نی ئاسایی و وڵاتانی خۆرئاوای بیست، بۆیه‌ وڵاتێك نییه‌ نیگه‌رانی خۆی ده‌رنه‌بڕی بێ و ریفراندۆمی ره‌تنه‌كردبێته‌وه‌".

جه‌عفه‌ری وتیشی: "هه‌موو جیهان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ن و ده‌ڵێن ده‌بێت پارێزگاری له‌ یه‌كپارچه‌یی خاك و سه‌روه‌ریی عیراق بكرێت"، به‌وته‌ی جه‌عفه‌ری عیراق له‌دایكبوی پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی و ده‌ستوره‌ و ئه‌و زه‌مانه‌ش تێپه‌ڕیووه‌ هیچ سه‌ركوتكه‌رێك له‌ عیراقدا هه‌بێت كه‌ به‌ده‌ر له‌ ده‌ستور كار بكات.

لێدوانه‌كه‌ی ئیبراهیم جه‌عفه‌ری هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیی بارزانی كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24ی ئه‌یلولی 2017 سازیكرد و تیایدا داوای له‌ هاوڵاتیان كرد سبه‌ینێ دوشه‌ممه‌ بچنه‌سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و به‌شداری له‌ ریفراندۆمدا بكه‌ن، چونكه‌ شه‌راكه‌ت له‌ عیراق شكستی هێناوه‌ و دوای ریفراندۆمیش به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عیراق تا ببنه‌ دوو دراوسێی باشی یه‌كتر.

 هه‌ر له‌گه‌ڵ لێدوانه‌كه‌ی بارزانیدا، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ لێدوانێكی فه‌رمیی حكومه‌ته‌كه‌یدا رایگه‌یاند: "نه‌خشه‌ی عیراق له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌ و ره‌گه‌ز دوچاری دابه‌شبوون ده‌بێته‌وه‌"، وتیشی كه‌ زۆربه‌ی كێشه‌كانی هه‌رێم، كێشه‌ی ناوخۆیی خۆیانه‌ نه‌ك كێشه‌یان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بێت.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق وتیشی كه‌ ئه‌و كێشانه‌ له‌گه‌ڵ بانگه‌شی جیابونه‌وه‌ و قه‌یرانی دارایی، زیاتر له‌ناو هه‌رێمدا كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بن.


PM:08:28:24/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 3444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو