كۆمسیۆن: هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك بۆ ده‌نگدان ته‌واو بووه‌

‌کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەی کۆمسیۆن

وێستگه‌ نیوزـ

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24ی ئه‌یلولی 2017، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان كۆنفڕانسێكی رۆژنامه‌وانیی ساز كرد و رایگه‌یاند كه‌ سێ ملیۆن و 900 هه‌زار ده‌نگده‌ر مافی ده‌نگدانی هه‌یه‌ و سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كانیش بۆ ده‌نگدان ته‌واو بوون.


كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راسپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند كه‌ سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كان بۆ رۆژی ریفراندۆم ته‌واو بووه‌ و سبه‌ینێ كاتژمێر 8 پرۆشه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تا كاتژمێر 6ی ئێواره‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌ كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا هەندرێن محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بە ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ له‌گه‌ڵ ئاماده‌كاری بۆ پرۆسه‌ی ریفراندۆم، حزبه‌ سیاسییه‌كانیش تۆمار كراون كه‌ ژماره‌یان 11 قه‌واره‌ی سیاسییه‌، له‌وانه‌ جوڵانه‌وه‌ی نه‌خێر له‌ ئێستادا و جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ به‌ پشتیوانی خودا پرۆسه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت.

هه‌ر له‌ كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌ چه‌ند ئامارێك ئاشكرا كرا كه‌ سێ ملیۆن و 900 هه‌زار كه‌س مافی ده‌نگیانیان هه‌یه‌ و ده‌نگدانه‌كه‌ له‌ هه‌زار و 737 ناوه‌نده‌ی ده‌نگدان ده‌بێت كه‌ دابه‌شبووه‌ به‌سه‌ر شه‌ش 746 وێستگه‌ی ده‌نگدان.

له‌ پارێزگاكانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش له‌ كه‌ركوك و سه‌لاحه‌دین و دیاله‌ش سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كان دابینكراوه‌ و 400 چاودێری نێوده‌وڵه‌تی و 2 هه‌زار چاودێری ناوخۆییش تۆمار كراون.

هه‌ر بۆ پرۆسه‌كه‌ 159 ده‌زگای بیانی و 500 ده‌زگای میدیایی ناوخۆییش روماڵی پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن و تادوا ساته‌كانیش 23 هه‌زار و 564 بریكاری قه‌واره‌ سیاسییه‌كان كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی قه‌واره‌كان ده‌كه‌ن، به‌شداری ده‌كه‌ن و چاودێریی پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

بڕیارە سبەینێ دوشەممە 25ی ئەیلولی 2017 پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دوای ناڕەزاییەکی زۆری حکومەتی فیدڕاڵیی عیراق وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی بەڕێوەبچێت.


PM:07:14:24/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 2832 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو