ئایا توركیا ئاسمانی داخستووە بەسەر هەرێمی كوردستاندا؟

‌فڕۆكەخانەی ئەتاتورك لە ئیستەنبوڵ

وێستگە نیوز-

بەپێی بڵاوبوونەوەی هەواڵێك لە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، گوایە ئەنجومەنی نیشتیمانی توركیا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە ئەنقەرە ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی فڕۆكە مەدەنییەكانی هەرێمی كوردستان دادەخات.

لەبەرامبەردا وێستگە نیوز پەیوەندیكرد بە كۆمپانیای توركیش ئەیەرلاین لە سلێمانی و لایخۆیەوە سەرچاوەیەك كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكەین، رایگەیاند: " بەهیچ شێوەیەك هەواڵی لەوجۆرە بوونی نیە، ئەوان ئەمڕۆ پەیوەندییان بە ئەنقەرەوە كردووە، رەتیانكردۆتەوە ئاسمانی توركیا لەسەر هەرێمی كوردستان دابخەن.

ئەو سەرچاوەیەی كۆمپانیای توركیش ئەیەرلاین بە وێستگە نیوزیشی راگەیاند، ئەگەر بڕیاری داخستنی ئاسمانی توركیا لەبەرامبەر هەرێمی كوردستان هەبێت، ئەوا چەند سەعاتێك پێش ئەو بڕیارە سەرجەم گەشتەكان لەسیستمی ئۆنلاینی كۆمپانیای فڕۆكەوانی توركیا كانسڵ دەبێتەوە، بەڵام شتێكی لەوجۆرە تا ئێستا رووینەداوە.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی داخستنی ئاسمانی توركیا لەبەرامبەر هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی تاران لەسەر داوای حكومەتی بەغدا، ئاسمانی وڵاتەكەیان بەڕووی گەشتەكانی هەرێمی كوردستاندا داخست.



د.ف


PM:06:15:24/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 6056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو