بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان: گوێنەدان بە هەڕەشە و ئاگادارییەكانی وڵاتانی زلهێز یاریكردنە بەئاگر

‌عەبدولڕەحمان عەلی

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، گوێنەدان بە هەڕەشە و ئاگادارییەكانی وڵاتانی زلهێز یاریكردنە بە ئاگر و هۆشداریش دەدات لەوەی دەبێت ئەو كەس و حزبانەی بڕیاری ریفراندۆمێكی بێ زەمینەسازی و كۆدەنگی نیشتمانی و پاڵپشتی نێو دەوڵەتیان داوە، بەرپرسیارێتی رووداو و پێشهاتەكان  هەڵبگرن.

عەبدولڕەحمان عەلی، بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە وێستگە نیوزی راگەیاند، ئەگەر ریفراندۆم بكرێت و شاری كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان تێیدا بەشدار نەبن كە بۆتە بابەتێكی گەرمی ڕۆژ، ئەوا  ئەنجامنەدان و بڕیاردان لەهەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمەكە زۆر باشترە، چونكە كورد بەدەستی خۆی بەشێكی گەورەی باشوری كوردستان رادەستی حكومەتی ناوەند دەكات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "گوێنەدان بە هەڕەشە و ئاگادارییەكانی وڵاتانی زلهێز، یەكێتی ئەوروپا، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەنجومەنی ئاسایش یاریكردنە بەئاگر".

بڕیاردەرەكەی گۆڕان دەڵێت "دەبێت ئەو كەس و حزبانەی كە بڕیاری ریفراندۆمێكی بێ زەمینەسازی و كۆدەنگی نیشتمانی و پاڵپشتی نێو دەوڵەتیان داوە بەرپرسیارێتی هەموو ئەو ڕووداو و پێشهاتانە هەڵبگرن كە لەئایندەدا رووبەڕووی خاك و خەڵكی كوردستان بەگشتی و ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەتی دەبێتەوە".

بڕیارە رۆژی دووشەممە 25-9-2017 ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، ئەمشەویش بانگەشە بۆ ریفراندۆم كۆتاییهات.


PM:11:50:22/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 5576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو