ئەندامێكی شاندی هەرێَم بۆ بەغدا كاتی سەردان و گەڕانەوەیان ئاشكرا دەكات

‌ماجید بازرگان، ئەندامی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

ئەندامێكی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا رایدەگەیەنێت، پاشنیوەڕۆی سبەینێ 23ی ئەیلولی 2017 سەردانی بەغدا دەكەن و سبەی شەویش دەگەڕێنەوە.

ماجید بازرگان، ئەندامی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بە وێستگە نیوزی راگەیاند "پاشنیوەڕۆ سبەینێ سەردانەكە دەكەین و شەوەكەشی دەگەڕێینەوە، بڕیارە لەگەل شاندێكی هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعەكان) كە بڕیار بوو سەردانی هەولێر بكەن، كۆببینەوە".

سەبارەت بەوەی ئومێدیان بەو سەردانە هەیە، بازرگان وتی "سەردانەكە  پەیامێكە بۆ حكومەتی بەغدا و وڵاتان كە ئێمە گفتوگۆكانمان كراوە دەبێت لەگەل بەغدا، دڵنیایی دەدەینە وڵاتان كە لەدوای ریفراندۆمیش گفتوگۆكانمان بەردەوام دەبێت و دووبارە دەڕۆینەوە بەغدا و لەسەر زۆر پرسی پەیوەست بە دەوڵەتی كوردی قسە دەكەین".

دوێنێ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بەسەرپەرشتی بارزانی بەڕێوەچوو بڕیاردرا ریفراندۆم لە كاتی خۆیدا لە 25ی ئەیلول ئەنجام بدرێت و شاندێكیش رەوانەی شاری بەغدا بكرێَت.

پێشتریش د.عەبدوڵا وەرتی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بە وێستگە نیوزی راگەیاند "شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا هەمان شاندی پێشوون، لەبەرئەوەی ئەوان باشتر ئاگاداری گفتوگۆكان بوون بۆیە بەلامان باشبوو هەر ئەوان سەردان بكەنەوە".



ب.ج


PM:09:52:22/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 8040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو