عێراق گازی سروشتی هەناردەی کوەیت دەکات

‌عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی دەوڵەمەندە بە گازی سروشتی

وێستگە نیوز-

جەبار عەلی لعێبی وەزیری نەوتی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، بەم نزیکانە عێراق دەست دەکات بە هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ دەوڵەتی کوەیت.

 وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ ڕایگەیاند "لیژنەی هونەری هاوبەشی نێوان عێراق و کوەیت، گەیشتوونەتە قۆناغی پێشکەوتوو و گرنگ بە مەبەستی پەلەکردن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەناردەکردنی گازی سروشتی زیادەی عێراق بۆ کوەیت".

وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، لیژنەکە هەموو ڕێوشوێنەکانی تایبەت بەو بوارەی تەواوکردووە، لە ئێستاشدا گەیشتووەتە قۆناغی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لە نزیکترین ماوەدا.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، گازەکە لە کێڵگەی ڕومیلەی پارێزگای بەسرەوە بە بڕی 50 ملیۆن پێ سێجای ڕۆژانە، وەک قۆناغی یەکەم هەناردە دەکرێت، بەڵام لە قۆناغی پێشکەوتووتردا ڕۆژانە بڕی 200 ملیۆن پێ هەناردە دەکرێت.

لەلایەکی ترەوە وەزیری نەوتی عێراق پێشوازی، لە هەڵوێستی دەوڵەتی کوەیت کرد بۆ ڕەزامەندی لەسەر یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی پترۆلی کوەیت، سەبارەت بە گەشەپێدان و فراوانکردنی کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکانی نێوان سنوری هەردوو وڵات، بەشێوەیەک کە خزمەت بە هەردوو وڵات بکات.

ئەوە لە کاتێکدایە عێراق ڕێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای شێڵ ئیمزا کرد، بۆ بەکارهێنان و سود وەرگرتن لە گازی دەرچوو لە کێڵگە نەوتییەکان بۆ بواری بەرهەمهێنانی کارەبا و هەناردەکردنی زیادەکەی.


د.ف


PM:09:43:21/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 1708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت