گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان: باشترین چارەسەر پشتگوێخستنی ڕیفراندۆمە لەلایەن عێراق و وڵاتانى زلهێزەوە

‌بانگەشەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان

وێستگە نیوز-

هەرچەندە 80 کاتژمێر كەمتری ماوە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان، بەڵام هێندەی باس لە مەترسییەکانی ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە و دواخستنی دەکرێت، هێندە بانگەشەی بۆ ناکرێت و تائێستا لای هاوڵاتیان روون نییە ئایا پرۆسەکە ئەنجام دەدرێت یاخود نا.

گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان کە ڕێکخراوێکی بێلایەنە و بنکەی سەرەکی لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکایە، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا باسی لەوەکردووە، هەرچەندە ریفراندۆمی هەرێم نابێتە بڕیارێکی مولزەم بەڵام ئەگەر ئەنجامبدرێت یاخود دوابخرێت ڕوبەڕوی مەترسی جددی و باجدانێکی قورس دەبێتەوە.

باسی لەوەشکردووە، پێدەچێت دەرئەنجامی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان گرژی و ئاڵۆزی لە ناوخۆ و دەرەوەدا دروستبکات بەڵام ئەگەری زۆریش هەیە کە رۆژی دوای ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمه‌كه‌ هه‌روه‌كو رۆژی پێشووتر وابێت و باری یاسایی هه‌رێم نەگۆڕێت و ڕه‌نگه‌ به‌رپرسانی كورد، له‌نێوانیشیاندا فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆك كۆماری عێراق، پۆسته‌كانی خۆیان له‌ به‌غدا وه‌ربگرنه‌وه‌.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەشکراوە ئەنجامدانی ریفراندۆم زیاتر پەیوەندی بە سیاسەتی ناوخۆی هەرێم و پەیوەندی حکومەتی هەرێم بە بەغداوەیە نەک خواستی ئێستای گەلی کورد .

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەکەی گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان لە دوای تێکشکاندنی داعش لە عێراق دووبارە دانوستان لەسەر پرسە گرنگەکان دەکرێتەوە و بابەتی لامەرکەزیەت و ڕێکخستن و بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنیەکان دەوروژێندرێت لەگەڵ باڵانسی هێز لە نێوان دەسەڵاتی زۆرینە شیعە و کێبرکێی ئێران و ئەمریکا بۆ دروستکردنی کاریگەری لە وڵاتەکەدا باسیان لێوەدەکرێت، ڕاگەیاندنی ریفراندۆمیش لەلایەن بارزانیەوە ئەو گۆمە زیاتر دەشڵەقێنێت و دەنگدانەکە ئەگەر بە مەبەست بێت یاخود بێ مەبەست کاریگەری گەورە دروست دەکات.

گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان باسی لەوەشکردووە، ئەگەر پارتی سووربوو لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمەکە سەرەڕای دژایەتی توندی وڵاتانی نێودەوڵەتی ئەوا زیاتر فەرامۆش دەبێت، پێدەچێت تورکیا لاوازبوونی هاوپەیمانە کوردەکەی (پارتی) بە هەل بزانێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی وڵاتەکەی لە دهۆک و دەشتی نەینەوا و باکووری ڕۆژئاوای هەرێم.

سەبارەت بە ئێرانیش گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان ئەوەی خستووەتەڕوو، پێدەچێت ئێران ریفراندۆمەکە بە دەرفەتێک بزانێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی وڵاتەکەی لە بەغدا و باکوری ڕۆژئاوای عێراق، چونکە بەدڵنیایەوە تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا پەیوەندی ئێران لەگەڵ عەبادی و حکومەتەکەی بەهێزدەکات.

سەبارەت بە سیناریۆکانی دواخستنی ریفراندۆم گروپی قەیرانەکان ئاماژەی بەوەکردووە، دواخستنی ریفراندۆم باشترین بژاردەیە بەڵام بە بێ هیچ باجدانێک بێت، ئاماژەش بەوەکراوە پێویستە وڵاتانی نێودەوڵەتی و لە نێویاندا ئەمریکا بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکەن و باجێک نەدەن کەدوایی لێی پەشیمان بن.

گروپی قەیرانەکان ڕایگەیاندووە بەڵێنێکی ئەمریکا کە کاریگەریەکی ئەوتۆی نەبێت ئاساییە، بەڵام نەک ئەوەی دواخستنی ریفراندۆمەکە لە داهاتوودا ببێتە هۆی باجدانێکی گەورەتر لەوەی کە لە ئێستادا ریفراندۆم بکرێت.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە ئەگەر ریفراندۆمەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامدرا ئەوا ئەگەری هەیە ئاڵۆزییەکان زیاد بکەن و هەوڵبدرێت حکومەتی هەرێم سزابدرێت، بەڵام باشترین چارەسەر ئەوەیە بەغدا و وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی زلهێز گرنگی بە ریفراندۆمەکە نەدەن و پشتگوێی بخەن تا ئەوکاتەی بارزانی هەنگاو بەرەو سەربەخۆبوونی هەرێم دەنێت، چونکە ئەگەر لەسەر ئەمری واقیع هیچ گۆڕانکاریەک نەکرێت ئەوا بە پێی تێپەڕبوونی کات ریفراندۆمەکە نرخی نامێنێت و پێدەچێت دەرئەنجامی ریفراندۆمەکە زۆر زیانی نەبێت.

لە کۆتاییدا گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت داهاتووی دەوڵەتی کورد هەرچۆنێک بێت، پێویستە کاری لە پێشینەی کورد ڕێکخستنی ناوماڵی خۆی بێت نەک قۆستنەوەی نائارامییەکانی ناوچەکە کە لە ئەنجامدا خۆشیان دەبنە قوربانیی ئەو نائارامییانە.


د.ف


PM:09:12:21/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 2432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو