نیویۆرک تایمز: بەڕێوەبەری پێشووی کەمپینەکانی ترەمپ لەپرسی ڕێفراندۆمدا کار بۆ بارزانی دەکات

‌بانگەشەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان

وێستگە نیوز-


بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، پۆڵ مەنەفۆرت بەڕێوەبەری پێشووی کەمپینەکانی دۆناڵد ترەمپ کە ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، کار بۆ هاوپەیمانەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، تاوەکو یارمەتی تۆمارکردن و بەرەوپێشچوونی ڕیفراندۆمی کورد بدات بۆ سەربەخۆیی.

مەنەفۆرت پیشەیەکی پڕقازانج و بە ئەزموونی لە ڕاوێژکاری بۆ موشتەرییە بیانییەکانی هەیە کە هەندێکجار خواستەکانیان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لادەدات.

هەربەپێی زانیاری ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، سەرەڕای تێوەگلانی مەنەفۆرت لە پەیوەندی نێوان دۆناڵد ترەمپ و هاوکارەکانی لەگەڵ رووسیا بەڵام هێشتا بەردەوامە لە بازرگانییە بەرژەوەندیخوازە نێودەوڵەتییەکەی. کارکردنیشی لەگەڵ کورد ئەم هاوینە دەستی پێکردووە، هەمان ئەو کاتەی کە بەرپرسانی فیدراڵی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی لە ڤیرجینیا و ئاگاداریان کردوەتەوە لەوەی کە دەیانەوێت بە فەرمی تۆمەتباری بکەن.


پۆڵ مەنەفۆرت بەڕێوەبەری پێشووی کەمپینەکانی دۆناڵد ترەمپ

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی دوو شەممە ڕاستەوخۆ نابێتە هۆی سەربەخۆیی، بەڵام حکومەتی ئەمەریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ترسی ئەوەیان هەیە ئەنجامدانی ریفراندۆمەکە نائارامی زیاتر لە عێراقدا دروست بکات و زیان بە هاوپەیمانێتی دژی داعش بگەیەنێت، هاوکات توندوتیژی لە ناوچە کێشە لەسەرەکاندا بخولقێنێت.

بەگوێرەی زنیاری نیویۆرک تایمز، مانه‌فۆرت ڕازیبووە بە پاڵپشتیکردنی ڕیفراندۆم، کە پلانی فشارکردنیش بۆ دانپێدانانی ڕۆژئاوا بەشێک دەبێت لە پلانەکە، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە بەپێی گوتەی دوو کەسی ئاگادار لە پرسەکە چەند مانگێک بەر لە ئێستا مەنەفۆرت لەڕێگەی کەسێکەوە نزیکبووەتەوە لە مەسرور بارزانی کوڕی مەسعود بارزانی.

نیویۆرک تایمز لە زاری داکۆکیکاران لە سەربەخۆیی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، مەنەفۆرت سەردانی هەرێمەکەی کردووە بۆ ڕاوێژکردن بە هاوپەیمانانی بارزانی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم.

هەر لە زاری ئەو داکۆکیکارانەی سەربەخۆیی کوردستانەوە نیویۆرک تایمز نوسیویەتی، یەکێک لە هاوکارەکانی مەنەفۆرت لە هەولێرە بۆ ئامادەکاری بۆ ڕیفراندۆم و پێدەچێت مەنەفۆرت خۆشی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بگەڕێتەوە بۆ هەرێمەکە.

وتەبێژێکی مەسرور بارزانیش کە نەیویستووە ناوی ببریت جەختی لەوە کردووەتەوە بۆ ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، کە مەنەفۆرت دامەزرێنراوە بۆ "پاڵپشتیکردن لە ڕیفراندۆم و ئەنجامی دوای ڕیفراندۆم"، بەڵام وتەبێژەکە ڕەتیکردووەتەوە کە ئاماژە بە ڕۆڵی مەنەفۆرت بکات.

ئەو وتەبێژەی مەسرور بارزانی بە نیویۆرک تایمزیشی وتووە، مەنەفۆرت بەشێکە لەو تیمە شارەزا نێودەوڵەتیەی کە بەشداری لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمدا دەکەن. لە وەڵامی پرسیاری ئەوەشی کە ئایا مەنەفۆرت لەبەر پەیوەندی بە ترەمپ-ەوە دامەزرێنراوە وتەبێژەکە وتوویەتی، ئەو هەڵبژێردراوە لەبەر ئەوەی کە ئەزموونی لە ڕیفراندۆم و کاروباری جیهانیدا هەیە.

هاوکات ئەو وتەبێژە زانیاری لەسەر مووچەی مەنەفۆرت یان ئەو بڕە پارە نەداوە کە دەدرێت پێی. جەیسن مالۆنی وتەبێژێکی مەنەفۆرت ئاماژەی بەوە داوە، کە مەنەفۆرت لەبارەی موشتەرییەکانی ئێستا و داهاتووشیەوە قسە ناکات. بەڵام وتەبێژەکە باسی لەوە نەکردووە کە ئایا مەنەفۆرت کارکردنی لەگەڵ کورد و سەرچاوەی داهاتی خۆی بۆ وەزارەتی داد ئاشکرا دەکات یاخود نا. مالۆنی وتووشیەتی ئەگەر کارەکانی مەنەفۆرت پێویست بە تۆمارکردن لە دەزگای تایبەتی لایەنە بیانییەکاندا بکات ئەوا پابەندی یاساکە دەبێت.

نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە کردووە، کۆشکی سپی و وەزارەتی داد وەڵامی ئەو پرسیارانەیان نەداونەتەوە کە ئایا مەنەفۆرت پەیوەندی بە ئەوانەوە کردووە لەبارەی ڕیفراندۆمی کوردستانەوە یان نا.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی نەشاردووەتەوە، کە پاڵپشتانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان نیگەرانن لە کێشە یاساییەکانی مەنەفۆرت لەوەی کە زیان بە پرسەکەیان بگەیەنێت.

پیتەر گالبرایس دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمریکا و داکۆکیکاری سەربەخۆیی کوردستان و هاوکات ڕاوێژکاری بێ مووچەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، کەسێکی وەکو مەنەفۆرت کە ناوەندی مشتومڕی دەستێوەردانەکانی ڕووسیایە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بێ کۆسپ و تەگەر نییە.

گالبرایس وتووشیەتی، "بەڵام لە لایەکی تریشەوە، ئەوان وڵاتێکی بیانین و دەیانەوێت دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەدەستبێنن، ئەگەر کەسێکت دەستبکەوێت کە نزیکبێت لە سەرۆکی ئەمریکاوە بۆئەوەی ببێتە داکۆکیکارت ئەوە هاوکار دەبێت''.

بەپێی وتەکانی وتەبێژەکەی مەسرور بارزانی، مەنەفۆرت لەگەڵ فیلیپ گریفین کە هاوکارێکی کۆنیەتی کار لەسەر ڕیفراندۆمی کوردستان دەکەن و لە هەولێرە.


د.ف


PM:08:14:21/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 2704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت