په‌رله‌مانی توركیا لە ئەگەری درێژکردنەوەی ماوه‌ی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ عیراق و سوریا دەکۆڵێتەوە


وێستگه‌ نیوزـ

په‌رله‌مانی توركیا گفتوگۆ له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی راسپاردنی سوپای وڵاته‌كه‌ی بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی سه‌ربازی له‌ خاكی سوریا و عیراق ده‌كات.

به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی ئه‌نادۆڵ، بڕیاره‌ رۆژی شه‌ممه‌ 23ی ئه‌یلولی 2017، په‌رله‌مانی توركیا دانیشتنێكی به‌په‌له‌ ساز بكات بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی راسپاردنی سوپای ئه‌و وڵاته‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی له‌ خاكی عیراق و سوریا.

دانیشتنه‌ به‌په‌له‌كه‌ی په‌رله‌مانی توركیا له‌كاتێكدایه‌ كه‌ سبه‌ینێ هه‌ینی 22ی ئه‌یلولی 2017، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی توركیا له‌سه‌ر ریفراندۆمه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی دوشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌.

كۆبونه‌وه‌كانی ناوه‌نده‌ باڵاكانی توركیا جگه‌له‌وه‌ی هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی واده‌ی ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێم، هاوكاتیشه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانی ناوچه‌ كوردییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان له‌ سوریا كه‌ به‌سێ قۆناغ ده‌بێت و بڕیاره‌ سبه‌ینێ قۆناغی یه‌كه‌می به‌رێوه‌بچێت.

به‌رپرسانی توركیا وێڕای ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی دژی سیستمی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی رۆژئاوای كوردستانن، دژایه‌تیی خۆشیان بۆ ریفراندۆمه‌كه‌ی باشوری كوردستان دوپاتكردووه‌ته‌وە.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان. سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌دوایین هه‌ڵوێستیدا داوای له‌ بارزانی كرد له‌ بڕیاری ریفراندۆم پاشگه‌ز ببێته‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌پاندنی سزاشی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.


PM:07:42:21/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 2572 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو