ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا: ریفراندۆم له‌كاتی‌ خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت


وێستگە نیوز-

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم کۆتاییهات و لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بە چوار بڕیار دراوە و تێیدا هاتووە "لەبەر ئەوەی هێشتا ئەو بەدیلەی کە جێگەی ریفراندۆم بگرێتەوە نەگەیشتووەو کاتی گونجاویش نەماوە، ئەگەر گرێنتیی تەواو بۆ سەربەخۆیی کوردستان نەدرێت، ریفراندۆم لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت".

دەقی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم

ڕۆژی پێنجشەممە 21ـی9ـی2017، لە سەلاحەددین، ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی کۆبۆوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و نوێترین هەڵوێستەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراق هەڵسەنگێندران.

کۆبوونەوەکە گەیشتە ئەو بڕیارانە:

یەکەم: لەبەر ئەوەی هێشتا ئەو بەدیلەی کە جێگەی ڕیفراندۆم بگرێتەوە نەگەیشتووە و کاتی گونجاویش نەماوە، ئەگەر گرێنتیی تەواو بۆ سەربەخۆیی کوردستان نەدرێت، ڕیفراندۆم لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

دووەم: بڕیار درا کە بەهەموو شێوەیەک دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەکراوەیی بهێڵدرێتەوە و کاتی پێویستی پێ بدرێت.

سێیەم: کۆبوونەوە بڕیاری دا کە بۆ ڕوونکردنەوەی دوایین هەڵوێست، شاندی دانوستانکاری ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم، ڕۆژی شەممە 23ـی9ـی2017 سەردانی بەغدا بکاتەوە.

چوارەم: ئەنجوونی باڵای ڕیفراندۆم بڕیاریدا، سکرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵا، هەردوو پڕۆژەی مافی پێکهاتەکان و ڕاگەیاندنی پرەنسیپی گشتیی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، پێش 25ـی9ـی2017، بڵاو بکاتەوە.



د.ف


PM:06:21:21/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 1588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت