ئەردۆغان باسی خەونێكی بارزانی لە تەمەنی 16 ساڵیدا دەكات

‌رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا

وێستگە نیوز-

سەبارەت بە مشتومڕەكانی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا جارێكی دیكە رایگەیاند "هەرگیز لایەنی راگەیاندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی لەو شێوەیە نین، هەرگیز نابێت و ناگونجێت رێگە بە شتێكی لەو شێوەیە بدرێت".

ئەردۆغان لە میانی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی كاری جیهانی بلومبێرگ كە لە شاری نیویۆرك سازكرابوو، لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كە پلان وایە لە 25ی ئەم مانگە لە هەرێمی كوردستاندا بەڕێوەبچێت، ئاماژەی بەوە كرد لەوكاتەوەی خەبات لە عیراق تەواوبووە، توركیا بەرگری كردووە لە تێزی "نابێت هەرگیز عیراق دابەشبكرێت".

جەختی لەوەشكردەوە، وڵاتەكەی لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عیراقدایە و وتی "من نوێنەرە تایبەتییەكانمان بۆ لای بەڕێز بارزانی رەوانە كرد. وتم 'نەكەن هەڵەیەكی لەمجۆرە بكەن، ئێمە وڵاتێكین كە لەكاتێكدا تەنگانەتان بۆ هاتووە بە هەموو جۆرێك پشتگیری ئێوەمان كردووە. لەگەڵ ئێوە بە درێژایی 350 كیلۆمەتر هاوسنوورین، لەرەوشی هاوسێیەتیداین، خزمەكانتان لای ئێمەن، بە هەمان شێوە ئێمەش خزممان هەن لای ئێوەن، هەڵەیەكی ئاوا مەكەن'، بەداخەوە ئێستا ئەو هەڵەیە لە دۆخی ئەنجامداندایە.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشكردووە: "لە 27ی ئەم مانگەدا كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیم هەبوو، بەهۆی پێشهاتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبوونەوەكەمان خستە 22ی مانگ، وتيشى: هەر كە گەڕامەوە رۆژی هەینی لە ئەنقەرە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی كۆدەبینەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەسەرئەوە دەدەین چ جۆرە سزایەك بسەپێنین".

سەرۆك كۆماری توركیا ئامانجەكەیان رونكردۆتەوە و دەڵێت "ئامانجەكە ئەوەیە، ئێمە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ راگەیاندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی بەوشێوەیە نین لە عیراقدا. ئەمە هەرگیز ناكرێت رووبدات. رێگەدان بە كارێكی لەوشێوەیە مەحاڵە. لەوێ تەنها كورد ناژین، لەوێ عەرەب و توركمانیش بوونیان هەیە. هیچ كەس مافی ئەوەی نییە پێكەوەیی هەموو ئەمانە تێكبدات.

ئەردۆغان وتەیەكی بارزانی گێڕاوەتەوە و رایگەیاندووە: كە بارزانی دەڵێت 'خەونی من بووە لە 16 ساڵییدا'، رەنگە خەونی 16 ساڵەیی تۆ بووبێت، لە جیهاندا بە گشتی و بە تایبەت لە سیاسەتدا ژیانێكی نوێبووەوە هەیە، ئێمە بە درێژایی ژیانمان ئەم نوێبونەوەیەمان ئەنجامداوە. ناكرێت عەقڵییەتی سیاسیی من لە تەمەنی 16ساڵیمدا و لە تەمەنی 63 ساڵیمدا وەك یەك بن، وەك یەك نین.

ئەردۆغان راشیگەیاندووە، ماوەی 40 ساڵە لەنێو سیاسەتدام، ئەو هەنگاوەی كە ئێستا نراوە، ئەو هەڵوێستە بە دڵنیاییەوە هەڵەیە و خۆیان بەرەو تەنهایی پەلكێش دەكەن. تەماشاكەن لەئێستادا تەنها ئیسرائیلی لەگەڵدایە. سەرجەم وڵاتانی جیهان لە ئێستادا، دژی ئەو عەقڵییەتە و دژی ئەو تیۆرییەن. لە هەموو ئەو كۆبوونەوانەی لێرە ئەنجاممانداوە، تەنها ئەوەم بینیوە. هیوام وایە تا 25ی مانگ بەڕێز بارزانی و تیمەكەی دەستبەجێ واز لەو بڕیارە هەڵەیە بهێنن و هەرێمی كوردی لە باكوری عیراق، بەردەوام بێت لەسەر كارەكانی".

سەرچاوە: ئەنادۆڵ


د.ف


PM:05:41:21/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 42267 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو