توانا عوسمان: بۆ یەكەمجار لەمێژوودا ئەمریكا و ئێران لەدژی كورد یەكیانگرتووە

‌توانا عوسمان رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی

وێستگە نیوز- دانیار فاروق

توانا عوسمان رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی لە نووسینێكدا كە لەوێبسایەتی (زە ئیكۆنۆمیست) بەزمانی ئینگلیزی بڵاویكردۆتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە لەبەرامبەر ئەو هەموو لایەنەی دژی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانن دەبێت چی بكەن، راشیگەیاندووە، كە بۆیەكەمجارە لەمێژوودا ئێران و ئەمریكا لەدژی كورد یەكیانگرتووە.

توانا عوسمان لەدرێژەی بابەتەكەیدا ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمریكا و ئێران وەك دوو دەسەڵاتداری هەژمووندار لە عێراق، لەدوای جەنگی داگیركردنی عێراق لە ساڵی 2003ەوە، چەندینجار بەمەبەستی پاراستنی سیاسەتەكانیان رێككەوتنیان كردووە، بۆنموونە كاتێك ویستیان حەیدەر عیبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق بهێننە پێشەوەو بیكەنە سەرۆك وەزیران دەرەنجامی رێككەوتنێكی ئێران و ئەمریكا بوو، بەڵام لەبەرامبەر كورد بۆ یەكەمجارە لەدوای ساڵی 1979ەوە، لەبەرامبەر وەها پرسێكی وەك ئەنجامدانی ریفراندۆم یەكبگرن و بە ئاشكرا دژایەتی خۆیان بۆ ریفراندۆم دەرببڕن.

توانا عوسمان لەو نووسینەیدا لە وێبسایتی (زە ئیكۆنۆمیست) راشیگەیاندووە، هەریەك لە ئێران و ئەمریكا دەیانەوێت یەكێتی خاكی عێراق وەكخۆی بمێنێتەوە، ئەمەش هۆكاری سەرەكی بووە بۆئەوەی هەریەك لە قاسم سولێمانی فەرماندەی هێزەكانی قودسی ئێرانی و دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و بریت مەكگۆرك نێردەی ترام بۆ هاوپەیمانی دژی داعش، كە هاتنە شاری سلێمانی و داوایان لە بەرپرسانی كورد كردووە، كە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە 25ی سێپتێمبەر دوابخەن.

توانا عوسمان لەو نووسینەیدا ئەوەشی ئاشكراكردووە، ئەو ئامانجانەی ئەمریكا و ئێران بەمانای ئەوە نایەت كە پاڵنەری هاوبەش لەنێوانیاندا بوونی هەیە، بەڵكو ئەمریكا دەیەوێت هەژموونی كەسایەتی حەیدەر عەبادی لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بەهاری داهاتوو دوور لەشكست بهێڵێتەوە، هاوكات ئێرانیش دەیەوێت بەدواخستنی ریفراندۆم، تەئیكدبێتەوە لەوەی بیری جیابوونەوەی لای كوردەكانی ئێران كاڵ بكاتەوە، هەروەها دەشیەوێت رێگری بكات لە دروستبوونی ئیسرائیلێكی تر لەسەر سنوورەكانی وڵاتەكەی.

توانا عوسمان لەبەشێكی تری نووسینەكەیدا دەشڵێت، ئەگەر كوردەكان دەنگبدەن بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ئەوا ئێرانییەكان و ئەمریكییەكان زۆر نزیك دەبن لە هەڵایسانی ناكۆكی لەنێوانیان، هاوكات لەئێستادا كە جەنگی رزگاركردنەوەی قەزای حەویجە لە ئارادایە، ئەمەش دەروازەیەكە بۆ سەرباز و میلیشیا عێراقییەكانی كە لەئێستادا لەو ئۆپراسیۆنەدا بەشدارن و پاشان بەفرسەتی بزانن لەرۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا هێرش بكەنە سەر شاری كەركوك.

توانا عوسمان پێیوایە، سووربونی مەسعود بارزانی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركوك بەوە پشتی بەستووە،كە ئەگەر شتێكی لەوجۆرە رووبدات، ئەوا كورد شەڕی كۆنتڕۆڵكردنی كەركوك دەكات لەلایەن میلیشیا شیعەكانەوە، كە بەڕای بەشێك لە جیهادییە سوننەكان پێیانوایە كە لەداهاتوودا كوردەكان دەكەونە ناكۆكییەكی قورس لەگەڵ شەڕكەرە شیعەكاندا.

لینكی وتارەكە بە ئینگلیزی

سەرچاوە:


د.ف


PM:04:33:21/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 5976 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو