عیراق و ئێران و توركیا دژی ریفراندۆمی هەرێم رێككەوتن

‌وەزیرانی دەرەوەی ئێران، تورکیا، عیراق

وێستگه‌ نیوز ـ
عیراق و ئێران و توركیا جارێكی دیكە ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمیان رەتكردەوەو لەبارەی گرتنەبەری رێوشوێنی هاوبەشیش دژی ریفراندۆمەكە رێككەوتون.

نووسینگەی ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عیراق لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ 21ی ئەیلولی 2017، بڵاویكردوه‌تەوە، ئاماژەی بەوەداوە كە (ئیبراهیم جەعفەری و جەواد زەریف و مەلود چاوش ئۆغلۆ) وەزیرانی دەرەوەی عیراق و ئێران و توركیا لەپەراوێزی كۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوەیەكگرتوەكاندا لە نیویۆرك كۆبوونەوەیەكی سێقۆڵیان ئەنجامداوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پلانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم.

راشیگەیاندوە: عیراق و ئێران و توركیا رێككەوتون لەسەر گرتنەبەری دژە رێوشوێن بەهەماهەنگی لەبارەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆی كە چاوەڕوان دەكرێت رۆژی دووشەممەی داهاتوو ئەنجامبدرێت، بەڵام سروشتی رێوشوێنەكانیان روون نەكردوه‌تەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو: وەزیرانی دەرەوەی هەر سێ وڵات تەئكیدیان لەسەر پابەندبوون بەپارێزگاریكردن لە یەكپارچەی عیراق و سەلامەتی خاكەكەی كردوه‌تەوە و نیگەرانی خۆشیان دەربڕیوە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، لەكاتێكدا عیراق سەركەوتنی گەوری دژی داعش بەدەستهێناوە كە مەترسی گەورە بووە. 

هەر بەپێی بەیاننامەكە، وەزیرانی دەرەوەی هەر سێ وڵاتەكە وێڕای رەتكردنەوەی ریفراندۆمی هەرێم و دژی ئەنجامدانی، تەئیكدیان لەسەر ئەوەكردۆتەوە كە "ریفراندۆم دەستوری نیەو دەبێتە هۆكاری ناكۆكی لەناوچەكەدا كە زاڵبون بەسەریدا قورس دەبێت.


PM:02:58:21/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 2092 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو