جێگری‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان: به‌شداری‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان ناكه‌ین



وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت تائێستا ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان به‌م شێوه‌یه‌ به‌شداری‌ كۆبوونه‌وه‌كان ناكه‌ن.

د.به‌هار مه‌حمود، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند "تا ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان به‌م شێوه‌یه‌ بێت به‌شداری‌ كۆبوونه‌وه‌كان ناكه‌ین".

پێشتریش سۆران عومه‌ر، په‌رله‌مانتاری‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند، تائێستا بڕیاریان وایه‌ به‌شداری‌ كۆبوونه‌وه‌ داهاتووی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان نه‌كه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ تا رۆژی‌ شه‌ممه‌ گۆڕانكاری‌ له‌ بڕیاره‌كه‌یان بكرێت، ناوبراو وتی‌ "دانیشتنی‌ ئاسایی‌ په‌رله‌مان له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌رۆك و سكرتێردایه‌ و ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌بێت دوانیان ئه‌جندا ئاماده‌ بكه‌ن، ئه‌وه‌ی‌ ئێستا ته‌نها جێگر ئه‌جندای‌ داناوه‌ و سكرتێریش هی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ پێشتر و كاتی‌ بووه‌ و سه‌ڵاحیه‌تی‌ نییه‌ له‌گه‌ڵ جێگر ئه‌جندا دابنێن".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ كۆمه‌ڵ وتیشی‌ "ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ نایاساییه‌ و ئه‌وان به‌ڵێنیان دابوو كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ مووچه‌ و قووتی‌ خه‌ڵك بێت، به‌ڵام دیاره‌ له‌وه‌شدا فه‌شه‌لیان هێناوه‌، بۆیه‌ به‌شداری‌ ناكه‌ین".  

شه‌وی‌ 15-9-2017 دوای‌ دوو ساڵ له‌ په‌كخرانی‌، په‌رله‌مانی‌ كوردستان بێ به‌شداربوونی‌ فراكسیۆنه‌كانی‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ و ژماره‌یه‌ك فراكسیۆنی‌ و په‌رله‌مانتاری‌ دیكه‌، دانیشتنه‌كانی‌ ده‌ستپێكرده‌وه‌، له‌و دانیشتنه‌شدا جه‌عفه‌ر ئیمینكی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان سه‌رۆكایه‌تی‌ دانیشتنه‌كه‌ی‌ كرد، بێگه‌رد تاڵه‌بانیش سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ بووه‌ سكرتێری‌ ئه‌و دانیشتنه‌ی‌ په‌رله‌مان.

هه‌ر له‌ دانیشتنه‌كه‌دا به‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌نگی‌ په‌رله‌مانتاران بڕیاری‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم كه‌ بڕیاره‌ رۆژی‌ 25-9-2017 بكرێت ده‌نگی‌ له‌سه‌ر درا.

جەعفەر ئیمنیکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی پەرلەمانتارانی کردووە، بۆ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌ رۆژی شه‌ممه‌ 23ی ئه‌یلولی 2017 له‌ كاتژمێر 11، ئاماده‌ی دانیشتنی په‌رله‌مان بن.

کۆبوونەوەکە یەکەم دانیشتنی ئاسایی خولی پایزەی پەرلەمانی کوردستانە، هاوکات دووەم کۆبوونەوەی پەرلەمان دەبێت دوای کاراکردنەوەی لە 15ی ئه‌یلولی2017.

فه‌رحان جه‌وهه‌ر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی پارتی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌كه‌ی رۆژی شه‌ممه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ دوو ته‌وه‌ره‌، ته‌وه‌ری یه‌كه‌م گفتوگۆكردنه‌ له‌سه‌ر یاسای به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی تیرۆر كه‌ ماوه‌كه‌ی به‌سه‌رچووه‌و درێژ ده‌كرێته‌وه‌.

وتیشی: "ته‌وه‌ری دووه‌میش تایبه‌ته‌ به‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر یاسای به‌كرێكدانی خانووبه‌ره‌ و ئه‌ویش درێژده‌كرێته‌وه‌".


PM:02:25:21/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 1092 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو