سوپای عیراق چه‌ند گوندێكی له‌ ئۆپراسیۆنی حه‌ویجه‌دا کۆنتڕۆڵکردەوە


وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
به‌رپرسێكی یه‌كێتی له‌ مه‌خمور ئاشكرایده‌كات، كه‌ هێزه‌كانی سوپای عیراق و حه‌شدی شه‌عبی، توانیویانه‌ پێشڕه‌وی بكه‌ن به‌ ئاڕاسته‌ی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌ و چه‌ند گوندێك كۆنتڕۆڵكراون.

ره‌شاد گەڵاڵی، لێپرسراوی كۆمیته‌ی مه‌خموری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: "دوای ئەوەی كاتژمێر 5ی سەرلەبەیانی ئەمرۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ی ئه‌یلولی 2017، هەڵمەتی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە دەستی پێکرد، بەپێی زانیاریکانی پێمان گەیشتووە، هەڵمەتەکە لە دوو میحوەرەوە دەستیپێکردووە، لەبەری یەکەم گوندەکانی (عەنکاوە ـ حوشترالوک) ئازادکراون و بەئاراستەی زورنا بەردەوامن لەپێشرەوی".

روونیشیكرده‌وه‌: قۆڵی دووەمی هەڵمەتەکە لە گوندەکانی (عێن حەیالی ) دابەزین و بەئاراستەی گوندەکانی (شێخ حمد ـ سلمان ـ عوێدیلە و جمێلە) ئازادکراون و هێرشەکانیش بەردەوامە.

ئه‌وه‌شی باسكرد: هێزه‌كه‌ی سوپای عیراق له‌ پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبی به‌شدارن و هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ش به‌رده‌وامه‌.

ئه‌وه‌شی وت: "داعش به‌رگرییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌كردووه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وابوایه‌ ئه‌و پێشڕه‌وییه‌ نه‌ده‌كرا، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ حه‌ویجه‌ به‌ زوویی له‌ ده‌ست داعش رزگار بكرێن".

به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ی ئه‌یلولی 2017، حەیدەر عەبادی‌، سەرۆک وەزیران و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق لە لاپەڕەی‌ خۆی‌ لە فەیسبوک رایگەیاندووە، " هەروەک بەڵێنمان دابوو، لەگەڵ بەرەبەیانێکی نوێی عیراقدا قۆناغی یەکەمی ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە دەستی پێکردووە".

عەبادی‌ ستایشی هێزە عیراقییەکانی کردووە  کەلەبەرەیەکی شەڕ زیاترەوە شەڕی داعش دەکەن وەک ئاماژەیەک بۆ ئۆپراسۆنەکانی خۆرئاوای عیراق.

عەبادی ئاشكرای كرد: "ئەمە قۆناخی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجەیە، ئێستا ھێزەكانی عێراق، لە چەندین بەرەوە لەگەڵ چەكدارانی داعش لەشەڕدان و لە سەركەوتنی یەكجاری و كۆتایی ھێنان بە داعش نزیكبوونەتەوە".

دوو رۆژ لەمەوبەر، ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانی رۆژئاوای ئەنباریش دەستپێكرد.

پێشتر سەرچاوە سەربازییەكانی عیراق ئەوەیان ئاشكرا كردبوو، كە لە شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجەی باشووری كەركوك، 48 ھەزار سەرباز لە ھێزە جیاجیاكانی عیراق بەشداری ئۆپراسیۆنەكە دەكەن و زۆرینەشییان لە پۆلیسی فیدڕاڵی دەبن، ھەروەھا هه‌شت ھەزار ئۆتۆمبێلی سەربازی و 200 تانكی لە جۆری ئەبرامز و تی 72 و تی 55 لە شەڕەكاندا بەكاردەھێنرێن.

ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر ئەمریکا رایگەیاند، ئۆپراسیۆنی‌ حەویجە بە بەشداری‌ سەرجەم  هێزەکان دەبێت بە پێشمەرگەشەوە بەڵام وا دیارە لە ئێستادا هێزەکانی‌ پێشمەرگە بەشدارییان نەکردووە و هیچ روونکردنەوەیەکیش لەلایەن وەزارەتی‌ پێشمەرگەوە بڵاونەکراوەتەوە تا ئێستا.


PM:12:00:21/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 1456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو