خالید رەنجدەر: بۆ دەوڵەتی كوردی هیچم پێ نەكرێت شەقامەكانی گسك دەدەم

‌خالید ره‌نجده‌ر

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
برایه‌كی مه‌لا كرێكار كه‌ نیشته‌جێی وڵاتی نه‌رویجه‌ هه‌ڵوێستی خۆی له‌ باره‌ی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان راده‌گه‌یه‌نێت و ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌كات كه‌ بۆ دەوڵەتی كوردی هیچی پێ نەكرێت شەقامەكانی گسك دەدات.

خالید رەنجدەر، نووسەر و برای مه‌لا كرێكار، له‌ نه‌رویجه‌وه‌ به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: "ئێمەی كورد لە باشووری كوردستان مەرجە بناغەییەكانی دەوڵەتمان تیادایە، هەلومەرجەكەش لەبارە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم". 

وتیشی: "ئەگەر سەیر بكەین ئەمڕۆ په‌یوەندییە جیهانییەكان لەگەڵ كورد بەهێزە، بەڵام رێككەوتننامە و په‌یوەندییەكان لەگەڵ كورد، دەبێت یان لە قۆڵی عیراقەوە بێت، یان بێدەنگ دەڕۆن، كە بەرژەوەندییەكان بەسەرچوون، ئەو رێككەوتننامە و په‌یوەندییانە دەخرێنە سەر رەفەكان و بیر دەچنەوە، بەڵام ئەگەر خاوەنی دەوڵەت بووین، هەموو چالاكییەكانمان بە پرۆتۆكۆڵ دەبێت، وڵات و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان پێیانەوە پابەند دەبن".

خالید ره‌نجده‌ر ئه‌وه‌شی وت: "دوژمن و ناحەزەكانی كورد هەمیشە هەوڵیان داوە ناسنامەی نەتەوەییمان لێ زەوت بكەن، دۆستەكانیشمان لە باشترین حاڵەتدا بە خەڵكی ئەو وڵاتانەمان هەژمار دەكەن، كە پێیانەوە لكێنراوین، بەوەش تایبەتمەندیەتیمان پێشێل دەكەن، جەختیش لەو وڵاتانە ناكەنەوە، كە وەك هاوڵاتییەكی پلە دوو سەیرمان نەكەن، ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی و هەموو مافەكانمان بە بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمانەوە بەستراوە، تا دەوڵەتمان نەبێت، خۆمان و مافمان لەبەردەم ڕەشەبای ناحەزەكانمداین".

براكه‌ی مه‌لا كرێكار لەبارەی پاڵپشتیی ریفراندۆم و دەوڵەتی كوردییەوە دووپاتی كردەوە: "نابێ یەك تاكی كورد لە دەنگدان بە بەڵێ بۆ دروستكردنی دەوڵەت دوودڵی دای بگرێت، ترس خستنە بەردەمی كارتێكردنی نێگەتیڤی لەسەر دابنێت". 

وتیشی: "بۆ دروستكردنی ئەو دەوڵەتە من هەرچی لە توانامدا بێت دەیكەم، كە دروستیش بوو ئەگەر هیچم پێ نەكرێت، بە دەستی خۆم شەقامەكانی گسك دەدەم، من دەزانم مانای دەوڵەت چییە و مەحروومبوون لە دەوڵەت چ ئازارێكە".

ئه‌م وتانه‌ی خالید ره‌نجده‌ر، جیاوازن له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی مه‌لا كرێكاری برای، كه‌ زۆر به‌ تووندی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستانی بۆ سه‌ربه‌خۆیی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

بڕیاره‌ رۆژی 25ی ئه‌یلولی 2017، له‌ باشووری كوردستان و ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان، ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجام بدرێت.


PM:11:09:20/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 2828 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو