ئیسپانیا چەند رێکارێکی تووند دژی کەتەلۆنیا دەگرێتەبەر

‌هەرێمی كەتەلۆنیا سوورە لەسەر ئەوەی لە 1ی ئۆكتۆبەر ریفراندۆم ئەنجام بدات

وێستگە نیوز-

لە هەڵمەتێکی فراواندا پۆلیسی ئیسپانیا دەستیکردووە بە دەستگیرکردنی چالاکڤانانی ریفراندۆمی کاتەلۆنیا لەسەرانسەری ئەو هەرێمە و بەرەبەیانی ئەمڕۆش وەزیرێکی دەستگیرکرد، هاوکات بودجەی هەرێمەکەی بلۆک کرد و هەڕەشی بڕینی کارەباش دەکات.

لە رۆژی سێشەممەوە پۆلیسی ئیسپانیا هەڵیکوتاوەتە سەر ئۆفیس و بارەگا حکومییەکانی هەرێمی کەتەلۆنیا و ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و چالاکوانی دەستگیرکردوون کە بانگەشە بۆ ریفراندۆم دەکەن.

پۆلیسی ئیسپانیا جیا لە دەستگیرکردنی چالاکوانە سیاسییەکان، دەستیان بەسەر ملیۆنێک و 300 هەزار پۆستەری بانگەشەدا گرتووە، 370 هەزار لافیتە و پۆستەریان هێناوەتە خوارەوە کە لەسەریان نوسراوە "بەڵێ بۆ ریفراندۆم".

هاوکات حکومەتی ئیسپانیا بودجەی هەرێمی کەتەلۆنیای بلۆک کرد، بۆ ئەوەی نەتوانێ بۆ بەڕێوەبردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەکاری بهێنێت.

ئەو بڕیارەی ئیسپانیا لەگەڵ ئەوەی ئۆتۆنۆمی هەرێمی کاتالۆنیا سنووردار دەکات، مووچەی مانگانەی هەزاران فەرمانبەریش دەخاتە مەترسییەوە.

سەرۆکی هەرێمی کاتالۆنیا بڕیارەکەی حکومەتی ئیسپانیا بە "ناپەرپرسیارانە" دادەنێ و دەڵێت "بەرەو لێکترازانی حکومەتیان دەبات".

1ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ رۆژی ریفراندۆمی هەرێمی کەتەلۆنیایە و پێشبینی دەکرێت زۆرینەی دەنگ داوای جیابوونەوە لە ئیسپانیا بکەن، حکومەتی ناوەندی وڵاتەکە لەڕێگەی پەرلەمان و دادگاوە گشتپرسی کەتەلۆنیای بە نایاسایی ناوبردووە.


PM:12:08:20/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 1420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت