ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی: 40 ملیۆن کەس لە جیهاندا کۆیلەن


وێستگە نیوز-

ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، زیاتر لە 40 ملیۆن کەس لە جیهاندا کۆیلەن و لە چوار کەس کەسێکیان منداڵن.

ڕێکخراوەکە کە سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانە دوێنێ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی ڕابردوو 25 ملیۆن کەس لەژێر هەڕەشەدا کاریان پێکراوەو 15 ملیۆنی دیکەش بەزۆر هاوسەرگیرییان پێکراوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەوانەی بە کۆیلە ئەژمارکراون بریتین لە قوربانیانی بەزۆر هاوسەرگیری پێکردن، بەزۆر کارکردن، بازرگانی یان توندوتیژی سێکسی.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ژنان و کچان لە 71ی ئەو 40ملیۆن کەسە پێکدەهێنن کە ئەوانیش بوونەتە قوربانی بازرگانی سێکسی و بەزۆر بەشودان.

هەروەها ئەو منداڵانەی کە بەزۆر هاوسەرگیرییان پێکراوە ڕێژەی لە 37%ی پێکدەهێنن، ئەوانەشی بەزرۆ کاریان پێکراوە لە 18% و قوربانیانی سێکسیش لە 21%.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، زۆرترین ژمارەی کۆیلە لە وڵاتانی ئەفریقا بووە بە جۆرێک لە هەر هەزار کەسێک 7.6 کەسیان کۆیلە بوو، دوای ئەویش ئاسیا و پاسیفیک بە جۆرێک لە هەر هەزار کەسێک 6.1 کەسیان کۆیلە بوون.

ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ڕاپۆرتەکەی ئامادەکردووە لەڕێگەی کۆکردنەوەی داتاوە لە ساڵی 2012وە بۆ 2016 ئەویش بە چاوپێکەوتن لەگەڵ 71 هەزار کەس لە 48 وڵاتی جیهانەوە.

هاوکات فیۆنا دەیڤید سەرۆکی بەشی توێژینەوەی جیهانی لە ڕێکخراوی "Walk Free" ڕایگەیاند، ئەگەر 40 ملیۆن کەس لە جیهاندا کۆیلە بن، ئەوا دەیان هەزار کەسیان هاوکارییان پێگەیشتووە.

هەروەها وتیشی، ئەوە بۆشاییەکی گەورەیەو دەبێت کۆتایی پێبهێندرێت.

ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ڕێکخراوێکی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانە کە کار لەسەر کێشە و مافی کار و کرێکاران دەکات، هاوکات ساڵانە ڕاپۆرت لەو بارەیەوە بڵاودەکاتەوە.


AM:09:45:20/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 2500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو