ئاشتی هەورامی: رێككەوتنیان لەگەڵ رۆسنەفت پەرەپێدانی كەرتی گازی سروشتی هەرێم خێراتر دەكات

‌وەزارەتی سامانە سروشتییەكان

وێستگە نیوز- دانیار فاروق

دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و گەورە كۆمپانیای نەوتی رووسی، كۆمپانیای رۆسنەفت بڕیاریاندا رێككەوتنی نێوانیان لە بواری وەبەرهێناندا كە پێشتر ئیمزا كرابوو، پەرەپێبدەن، بەچەشنێك كە دامەزراندنی بۆرییەكی گازی سروشتی لەخۆبگرێت و پێداویستییەكانی وێستگەكان و كارگەكان بە گازی سروشتی دابین بكات، لەبەرامبەردا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەسەر ئەو رێككەوتنەیان لەگەڵ رۆسنەفت راگەیەندراوێكیان بڵاوكردۆتەوە.

لەو راگەیەندراوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا كە وێنەیەكی دەست وێستگە نیوز كەوتووە، تیایدا ئاماژە بەوەكراوە، بەپێی ئەو رێككەوتنەی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماپانیای رۆسنەفت، ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی هەرێمی كوردستان ئەوەندە زیاد دەبێت، كە رێژەیەكی  زۆر بخاتە بەردەست و پاشان هەناردەی بازاڕە نێوەدەوڵەتیەكانی وەك توركیا و یەكێتی ئەوروپا بكرێت.

هەربەپێی راگەیەندراوەكەی سامانە سروشتییەكان، چاوەڕوان دەكرێت رێككەوتنەكە تا كۆتایی ئەمساڵ تەواو بكرێت و كۆمپانیای رۆسنەفتیش هەستێت بە دامەزراندنی بۆرییەكە بەپێی سیستەمی BOOT واتا (دروستكردن،خاوەنداریەتیكردن، بەكارخستن و گواستنەوە).

لایخۆیەوە ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەنێو راگەیەندراوی وەزارەتەكەی ئاماژەی بەوەكردووە: "رێككەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەورە كۆمپانیای رۆسنەفت، پەرەپێدانی كەرتی گازی سروشتی كوردستان خێراتر دەكات و گازی پێویست بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ و هەناردەكردنی دابین دەكات.
ئاشتی هەورامی لەنێو راگەیەندراوی وەزارەتەكەیدا روونیشیكردۆتەوە: "ئەو پڕۆژە گرنگە سەرچاوەیەكی نوێی داهات دروست دەكات كە خزمەت بە هەمەچەشنكردنی ئابوریی كوردستان دەكات، هەروەها یارمەتی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە تازە رزگاربووەكانی دەستی داعش دەدات.

وەزیری سامانە سرووشتیەكان راشیگەیاندووە، خاڵێكی گرینگی تر ئەوەیە ئەو بۆرییە بەخێرایی دروست دەكرێت و ئەوەش دەبێتە هۆكار بۆئەوەی گواستنەوەی گاز بۆ بازاڕی توركیا و یەكێتی ئەوروپا خێراتر بەرەو پێشەوە بڕوات"، ئاشكراشیكردووە: "ئەو داهاتەی كە لەو رێگەیەوە بەدەست دێت سوود بە خەڵكی كوردستان دەگەیەنێت".

راگەیەندراوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەوەشی ئاشكراكردووە، چاوەڕوان دەكرێت توانای بۆرییەكە ساڵانە تا 30 ملیار مەتری سێجا بێت كە یەكسانە بە 6%ی خواستی ئەوروپا بۆ گازی سروشتی. بۆرییەكە تاساڵی 2019 بەمەبەستی بەكارهێنان و دابینكردنی ناوخۆ تەواو دەبێت و هەناردەكردنی گازیش لەساڵی 2020 دەست پێدەكات.

سامانە سرووشتییەكان لەكۆتایی راگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆمپانیای رۆسنەفت و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەروەها سەرقاڵی بەكۆتایی گەیاندنی پڕۆژەی بەرزكردنەوەی توانای گواستنەوەی بۆری نەوتی خاوی هەرێمی كوردستانن كە نەوت هەناردەی بەندەری جەیهان لە توركیا دەكات. ئەم پڕۆژەیەش هەر بەپێی تەعریفەی درێژخایەن دەكرێت.

رێككەوتنی وزەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای رۆسنەفت هاوكاری كۆمپانیای رۆسنەفت لەخۆ دەگرێت لە هەموو زنجیرەی بەرهەمهێنانی نەوت و گازدا، هەر لە قۆناخی دۆزینەوە بگرە تا قۆناخی بەرهەمهێنان و بازرگانی و لۆجستیكی نەوتەوە.

پێویستە بوترێت پلانەكانی بۆری گازی سروشتی بەشێكن لەزنجیرە رێككەوتنێك كەلەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای رۆسنەفت لەشاری سان پێترێسبۆرگ لەمانگی شەشی 2017 بەمەبەستی زیادكردنی وەبەرهێنان لە ژێرخانی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان ئیمزاكران.


PM:04:15:19/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 1616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو