‌نرخی جۆرەکانی ئایفۆنی 8 ئاشکراکرا

وێستگە نیوز-

تیم کوک سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاندووە، نرخی ئایفۆن 8 پڵەس لە 799 دۆلارەوە دەستپێدەکات و بەپێی فراوانی گیگابایتەکەی زیاد دەبێت، ئاشکرایشی کردووە، نرخی ئایفۆن 8ی ئاسایی لە 699 دۆلارەوە دەستپێدەکات بە پێی فراوانی گیگا بایتەکەی زیاد دەبێت. 

دوای چاوەڕوانییەکی زۆر  دوێنێ سێ شەممە تیم کوک سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای ئەپڵ کۆتاییهێنا بە سەرجەم پێشبینییەکان سەبارەت بە مۆبایلە نوێیەکەی کۆمپانیای ئەپڵ و بە فەرمی ئایفۆن 8 و ئایفۆن هەشت پڵەسی بۆ بەکارهێنەرانی ئاشکرا کرد.

لەمیانی وتەکانیدا دەربارەی تایبەتمەندییەکانی مۆبایلە نوێیەکە، کوک رایگەیاند ئایفۆنی 8 و هەشت پلەس "هەنگاوێکی مەزنە بۆ پێشەوە"، چونکە هەردوو بەرهەمەکە دژی ئاو و تەپوتۆزن.

تیم کوک وتی "هەردوو ئامێرەکە لە پێشەوە لە شوشە دروستکراون و لە پشتەوەش بە ڕەنگەکانی ئاڵتونی و سلڤەر و خۆڵەمێشی بەردەست دەبێت، ئەپڵ پرۆسێسەری نوێی بە ناوی (A11Bionic)ی تیا بەکارهێناوە کە بڕی 4 ملیار و 300 ملیۆن ترانزستۆری تیا جێکراوەتەوە".

سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی ئەپڵ ئاشکرایکرد، ئایفۆنی 8 شاشەیەکی 4.7 ئینجی هەیەو ئایفۆنی 8 پڵەسیش شاشەیەکی 5.5 ئینجی هەیە.

دەربارەی توانای کامێرای مۆبایلە نوێیەکە ئەپڵ وەک ئاشکرا کراوە توانای 30% خێراتر دەبێت لە بەرهەمی پێشتری کۆمپانیاکە و بە توانای 12 مێگا پکسڵە.

چاوەڕوانیش دەکرێت کۆمپانیای ئەپڵ لە 15ی مانگەوە دەستبکات بە وەرگرتنی داخوازییەکانی کڕین بۆ مۆبایلەکەی و لە 22ی هەمان مانگ کۆتایی دێت.

لەلایەکی ترەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمپانیاکەوە بڵاویکردەوە، ئایفۆنە نوێیەکە شێوەی بارگاویکردنەکەی وایەرلێس دەبێت لە نموونەی (کیو ئای).


AM:08:38:13/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 6656 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌




زۆرترین خوێندراو