‌ئايا دەتوانرێت دەستوری ئەمریكا بەكاربهێنرێت بۆ لابردنی ترەمپ؟
‌ترامپ و مایك بێنس-ی جێگری

وێستگە نیوز- دانیار فاروق

سەرباری هەبوونی ئەو هەموو لێدوانانە لەسەر بوونی بە سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەكاتی خۆ كاندیدكردنی دۆناڵد ترامپ، بەڵام بەردەوام لەلایەن بەشێك لەلایەنگران و نەیارانیشیەوە رەخنەی ئەوەی لێدەگیرێت، كە ترامپ كەسێكی شیاو نیە بۆ سەرۆكایەتیكردنی گەورە زلهێزی جیهان.

رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانی راپۆرتێكی لەسەر هەڵسوكەت و لێدوانە ئاگرینەكانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترامپ بڵاوكردۆتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە، دۆناڵد ترامپ لەمیانەی وتارێكیدا كە بەمدواییانە لەشاری فینكس-ی سەر بە ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریكا دای، تیایدا هێرشی گەورەی كردە سەر راگەیاندنەكان و ئەوانەشەی كە سەربە كۆمارییەكانن و هەڕەشەی پەكخستنی حكومەتی كرد، ئەم وتارەی ترامپ لەلایەن ئەوانەی ئامادەی وتارەكەی بوون و، هەروەها هەموو لایەنە سیاسییەكانی ئەمریكاش بە زەنگی مەترسیدار ناوزەندیان كرد.

لای خۆیەوە جەیمس كلابەر سەرۆكی پێشوی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی ئەمریكا (سی ئای ئەی) لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریكی ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، ئەو گومانی هەیە لەتوانای ترامپ بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆكایەتی، وە هەمیشە لە پاڵنەرەكانیشی دەپرسم، كە بێگومانم ترامپ بەدوای دەرچەیەكدا دەگەڕێت بۆ دەربازبوون لەو ئاستەنگ و گیروگرفتانەی كە بەهۆی پۆستەكەیەوە تووشی هاتووە، كلابەر نیگەرانی خۆیشی لەبوونی كۆدی مووشەكە ئەتۆمییەكانی ئەمریكا لەدەستی دۆناڵد ترامپدا ئاشكراكرد و بە مەترسی دەزانێت.

لەماوەی سەرۆكایەتیكردنی ترامپدا تا ئێستا ئەمە یەكەم جار نیە، كە ئەمركییەكان دەپرسن، ئایا دۆناڵد ترامپ توانای بیركردنەوە و مێشكی لەو ئاستەدایە كە پۆستی سەرۆكایەتی بەهێزترین زلهێزی جیهان بەڕێوە بەرێت.

لەئێستادا چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوەدەكەن، بەدوای مادەیەكی یاساییدا دەگەڕێن لە دەستووری ئەمریكیدا كە بتوانن لەڕێگەیەوە سەرۆكی ئەمریكا لەپۆستەكەی دووربخەنەوە، بیركردنەوەی سیاسییەكان لەبەرامبەر هەبوونی مادەیەكی یاسایی لە دەستووردا بۆ لەكار لابردنی ترامپ لەپۆستەكەی بەتایبەتی لەدوای ئەو وتارەی ولایەتی ئەریزۆناوە دێت، كە زۆرێكی لەخۆی زویر كردووە.

بەپێی مادەی 25 لە یاسای هەمواركراو لە دەستووری ئەمریكا، سەبارەت بە پۆستی سەرۆكایەتی، كە لەدوای تیرۆركردنی جۆن كەنەدی سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لەدەستووردا جێگیركرا، كە تیایدا ئاماژە بەوەدەكات، لەكاتێكدا سەرۆك مرد یاخود دەستی لەكاركێشایەوە یاخود لەسەر كار لابرا، ئەوا رێگە بە جێگرەكەی دەدات كە پۆستی سەرۆكایەتی پڕ بكاتەوە، كاتێك سەرۆك نەیتوانی پۆستەكەی بە شێوەیەكی یاسایی بەڕێوە ببات، هەروەك چۆن كاتێك جۆرج بووشی باوك بەمەبەستی نەشتەرگەری قۆڵۆن دوو جار لەكارەكەی دووركەوتەوە، هاوكات دیك چینی پۆستی سەرۆكایەتی لەهەردوو نەشتەرگەرییەكەدا بەڕێوەبرد.

لەبڕگەی چواری مادەكەدا هاتووە، كە كاتێك سەرۆك نەیتوانی كارەكانی پۆستی سەرۆكایەتی بەڕێوەبەرێت، ئەوا جێگرەكەی بە رەزامەندی وەزیرەكان و دەستەكان لە كۆنگرێسی ئەمریكا لەماوەی هەفتەیەكدا ئەنجومەنی پیرانی ئەو وڵاتە رادەسپێرن كە رایبگەیەنن سەرۆك ناتوانێت لەكارەكەی بەردەوام بێت.

ئەمەش لەروانگە پیشەییەكەوە، دەبێت مایك بینس و هەر 13 وەزیرەكەی حكومەتەكەی ترامپ، رێكبكەون كەوا دۆناڵد ترامپ ناتوانێت چیتر پۆستی سەرۆكایەتی بەڕێوەببات.

لای خۆیەوە جۆن فریك عەمیدی كۆلێژی یاسا لە زانكۆی فۆردهام-ی ئەمریكا، كە یەكێكە لەبەشداربوانی نووسینی ئەو بڕگە یاساییە دەڵێت، ئەندامانی ئەنجومەنی پیران كە رەزامەندیان لەسەر هەمواركردنەوەی یاساكە داوە، كە بەروونی ئەوە یەكلابۆتەوە، كە گرتنەبەری رێوشوێنەكان دەبێت پشت بەو بەڵگە دروستانە ببەستێت، كە لەسەر توانا جەستەیی و عەقڵیەكانی سەرۆكی وڵات داڕێژراوە، نەك ئەو لێدوانە كەسییانەی كە لەملاولا بڵاودەبنەوە.

بەڕای چاودێرانی سیاسی ترامپ دەتوانێت لەماوەی 12 رۆژدا تانە لەو پڕۆژە بڕیارە بدات بۆ كە تیایدا داوای لەسەر كارلادانی دەكرێت، هەروەها پڕۆژە بڕیارەكە پێویستی بە رەزامەندی سێ‌ یەكی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران و نوێنەرانی هەیە، ئەگەر لەحاڵەتێكدا ئەوەندە دەنگی بەدەست نەهێنا ئەوا دەسەڵاتەكان دەگەڕێنەوە بۆ سەرۆك.

بەدووریش دەزانرێت كە هەمواری ماددەی 25 لە دەستووری ئەمریكیدا بكرێت، لەپێناو لەسەر كارلابردنی ترامپ، لەبەرئەوە پێویستی بە رەزامەندی مایك بێنس جێگری سەرۆك و زۆرینەی وەزیرەكانیش هەیە بۆ ئەو بڕیارە، ئەگەر لەحاڵەتێكیشدا سەرۆك بەهۆی نەخۆشییەوە توانای جەستەیی و عەقڵی لەدەستدا، ئەوا رێككەوتنی ئەو لایەنانەی كە باسی لێوەكرا وەك كودەتایەك بەسەر كۆشكی سپیدا سەیر دەكرێت.


سەرچاوە:  The Telegraph


PM:05:56:24/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 3288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌




زۆرترین خوێندراو