وێنه‌ی‌ ته‌نووره‌ كورته‌كان بڕوای‌ به‌ تره‌مپ هێنا ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان بمێنێته‌وه‌

‌ترمپ و ریمۆند ماكماسته‌ری راوێژکاری

وێستگه‌ نیوز –
وێنه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك كچی‌ ئه‌فغانی‌ به‌ ته‌نووره‌ی‌ كورته‌وه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌ی‌ بۆ حه‌فتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هۆكاربوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان قایل بێت به‌ مانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌ ئه‌فغانستان.


له‌ 5ی‌ ئازاری‌ 2014دا و سێ رۆژ به‌ر له‌ جه‌ژنی‌ جیهان ژنان كه‌ناڵی‌ عه‌ره‌بیه‌ راپۆرتێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌و یاده‌ و ژماره‌یه‌ك وێنه‌ی‌ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ وێنه‌كان مێژووه‌كه‌ی‌ بۆ حه‌فتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و تیایدا سێ‌ كچی‌ ئه‌فغانی‌ به‌ ته‌نووره‌ی كورته‌وه‌ ده‌ركه‌وتوون.

به‌ گوێره‌ی‌ رۆژنامه‌ی‌ "washingtonpost"، ریمۆند ماكماسته‌ر راوێژكاری‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا وێنه‌كه‌ی‌ بۆ قایلكردنی‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا بۆ نه‌كێشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ له‌ ئه‌فغانستان به‌كارهێنا.

رۆژنامه‌ی‌ "washingtonpost" له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ یه‌كێك له‌و رێگایانه‌ی‌ ماكماسته‌ر بۆ قایلكردنی‌ تره‌مپ به‌كاریهێنا كه‌ ئه‌فغانستان خاكێكی‌ بێ‌ هیوا نییه‌، پیشاندانی‌ وێنه‌یه‌كی‌ ره‌ش و سپی‌ ساڵی‌ 1972ی‌ ژماره‌یه‌ك ئافره‌تی‌ ئه‌فغانی‌ بووه‌ كه‌ ته‌نووره‌ی‌ كورتیان له‌پێدایه‌ و به‌ شه‌قامێكی‌ كابوڵی‌ پایته‌ختی‌ ئه‌فغانستاندا ده‌ڕۆن و پێی‌ راگه‌یاندووه‌ كه‌ پێشتر ئه‌فغانستان به‌ها خۆرئاواییه‌كانی‌ زانیوه‌ و پێشتر به‌وشێوه‌یه‌ ژیاوه‌ و ده‌كرێت دووباره‌ به‌هه‌مان شێوه‌ بژێته‌وه‌.

راوێژكاره‌كه‌ی‌ تره‌مپ وێنه‌كه‌ی‌ له‌ كتێبێكدا له‌ شێوه‌ی ئه‌لبوومی‌ وێنه‌ كۆنه‌كان دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندازیارێكی‌ ئه‌فغانی‌ به‌ناوی‌ "محه‌مه‌د قه‌یومی‌" كۆكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ساڵی‌ 1952 له‌ كابوڵ‌ ژیاوه‌ و دواتر كۆچی‌ كردووه‌ بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و بووه‌ به‌ سه‌رۆكی‌ كۆلیژی‌ ئه‌ندازیاری‌ زانكۆی‌ سان خوسێ‌.

ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ ئه‌فغانییه‌ له‌ كتێبه‌كه‌یدا تیشك ده‌خاته‌سه‌ر ئه‌و جیاوازییه‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ له‌نێوان شێوازی‌ ژیانی‌ ئافره‌تانی‌ ئه‌فغانی‌ به‌ر له‌ شه‌ڕی‌ تایه‌فی‌ و له‌ سایه‌ی‌ حوكمی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ تاڵیباندا هه‌یه‌.

محه‌مه‌د قه‌یومی‌ به‌ وێنه‌یه‌ك كه‌ له‌ كتێبی‌  "Once Upon a Time In Afganista" بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ پشتڕاست كرده‌وه‌ و له‌ژێر ره‌سمه‌كه‌دا نووسیویه‌تی‌ "ئه‌و رۆژانه‌ی‌ له‌ كابوڵ‌ رۆك ئاند رۆل هه‌بوو، نه‌ك مووشه‌ك" و به‌ وێنه‌كانی‌ كوده‌تایه‌كی‌ به‌سه‌ر بۆچوونی‌ راگه‌یاندنه‌كانی‌ ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر ئه‌فغانستان دروست كرد.

رۆژنامه‌ی‌ واشنتۆن پۆست وێنه‌كه‌ی‌ بڵاونه‌كرده‌وه‌ ئه‌مه‌ش پاڵی‌ نا به‌ رۆژنامه‌ی‌ "telegraph"ی‌ به‌ریتانی‌ كه‌ وێنه‌كه‌ بڵاوبكاته‌وه‌ و نووسینێكی‌ چوار ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ری‌ تره‌مپی‌ بیرهێنایه‌وه‌ كه‌ تیایدا پشتیوانی‌ بۆچوونی‌ باراك ئۆباما سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا له‌و كاته‌دا سه‌باره‌ت به‌ كشانه‌وه‌ی‌ به‌په‌له‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان ده‌كات، به‌ڵام وێنه‌كه‌ و چه‌ند هۆكارێكی‌ تۆ بۆچوونی‌ سه‌رۆك ئه‌مریكایان گۆڕی‌.

 دووشه‌ممه‌ی‌ رابردوو تره‌مپ وتارێكی‌ پێشكه‌ش كرد و تیایدا ستراتیژیه‌تێكی‌ نوێی‌ خسته‌ڕوو بۆ ناردنی‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌ زیاتر بۆ ئه‌فغانستان و ره‌تیكرده‌وه‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌و وڵاته‌ بكێشێته‌وه‌، رۆژی‌ دواتر ئه‌شره‌ف غه‌نی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌فغانستان پێشوازی‌ له‌و بڕیاره‌ كرد.

لای‌ خۆیه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ تاڵیبان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ له‌ تره‌مپ كرد و له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ زه‌بیحوڵا موجاهید وته‌بێژی‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ وتی‌: "گه‌ر ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌ربازه‌كانی‌ نه‌كێشێته‌وه‌، به‌منزیكانه‌ ئه‌فغانستان ده‌بێته‌ گۆڕستانێكی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌و زلهێزه‌ له‌ سه‌ده‌ی‌ بیست و یه‌كدا".


وێنەی سێ کچەکە.


ئافرەتان بەر لە دەسەڵاتی تاڵیبان و لە سەردەمی ئەو بزووتنەوەیەدا.



محەمەد قەیومی نووسەری کتێبەکە کە ئێستا راوێژکاری سەرۆکی ئەفغانستانە و هەوڵێکی زۆری داوە بۆ دەستخستنی وێنەکانی.

نووسینەکەی 4 ساڵ لەمەوبەری ترەمپ



دوو وێنەی کتێبەکە کە تیایدا ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆی کابوڵ پێکەوەن


PM:03:10:23/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 8616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو