یۆنامی داوا لە حكومەتی عێراق دەكات هەزاران ژن و منداڵی قوربانیی دەستی داعش لەخۆبگرێت

‌قوربانیی دەستی داعش

وێستگە نیوز-

نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە حکوومەتی عێراق دەكات ئەو ھەزاران ژن و منداڵەی کە بەرەوڕووی ھەموو جۆرە دەستدرێژی و گێچەڵێکی سێکسی چەکدارانی داعش بوونەتەوە لەخۆ بگرێت.

لە راپۆرتێکی ھاوبەشی ھەریەک لە نێردەی ھاوکاریی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق (UNAMI) و کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان (OHCHR)، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پارێزگاریی لە ھەزاران ژن و منداڵ بکات کە بەرەوڕووی دەستدرێژی سێکسی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بوونەتەوە، بکرێت و پەراوێز نەخرێن.

لەراپۆرتەکەدا ھاتووە ''ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و منداڵانی ئەو ناوچانەی کە بەدەست رێکخراوی داعشەوە بوون و لە سەرووی ھەمووشیانەوە ئێزدییەکان و کەمایەتییەکانی دیکە بەرەوڕووی پێشێلکردنی مافەکانیان و بن پێنانی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە لایەن چەکدارانی رێکخراوەکەوە بوونەتەوە'' و تیشک خراوەتە سەر پێویستیی رێگە خۆشکردن بۆ قوربانییەکان تاوەکو رێگەی دادگا بگرنەبەرو قەرەبوو بکرێنەوە، ئاماژە بەوەشکراوە ئەنجامدانی ئەو کارەش دەکەوێتە سەر شانی حکوومەتی عێراق تاوەکو لەچوارچێوەی یاسا نێوخۆییەکان و نێودەوڵەتییەکاندا لێپرسراوێتیی بگرێتە ئەستۆ.

کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان، زەید رەعد حسێن لەلێدوانێکدا سەبارەت بەراپۆرتەکە، ئاماژەی بەوەکرد ئەو کاریگەرییانەی چەکدارانی داعش لەرووی جەستەیی، عەقڵی و سۆزدارییەوە لەسەر ژنان جێیانھێشتووە، ناچێتە عەقڵەوە.

باسی لەوەشکرد بۆ ئەوەی قوربانییان بتوانن دووبارە ژیانی خۆیان و داھاتووی منداڵەکانیان بنیات بنێنەوە، پێویستە قەرەبوو بکرێنەوە.

زەید رەعد حسێن تیشکی خستە سەر ئەوەی سەدان منداڵ ھەن کە بەڵگەنامەی لەدایکبوونیان نییە یان بەڵگەنامەکانیان لەلایەن رێکخراوی داعشەوە بۆ درووستکراوەو ئەمەش لە لایەن حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە، پەسەند ناکرێت کە ئەمە مایەی نیگەرانیی رێکخراوەکەی ئەوانەو رایگەیاند ''ئەو منداڵانەی کە لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشدا لەدایکبوون خاوەنی ھەمان ئەو مافانەن ھاوڵاتییانی دیکەی عێراق ھەیانەو پێویستە لەسەر حکومەت کە رێگە لەبەکارھێنان و پەراویزخستنی ئەو منداڵانە بگرێت''.

ھەردوو رێکخراوەکەی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەیاندا ژمارەیەک پێشنیاز دەدەنە حکومەتی عێراق سەبارەت بە فەراھەمکردنی پشتیوانیی و چارەسەر بۆ قوربانییان، یەکخستنەوەی خێزانە پەرتەوازەبووەکان، خزمەتگوزارییەکانی راوێژکاریی و زانیاریی و گرنگیی تۆمارکردنی لەدایکبووان.


AM:09:06:23/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 1680 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو