رۆیته‌رز: ماتیس فشار ده‌خاته‌سه‌ر بارزانی بۆ دواخستنی ریفراندۆم

‌کاتی گەیشتنی ماتیس بۆ بەغدا

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 22ی ئابی 2017، جه‌میس ماتیس، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا به‌ سه‌ردانێكی كتوپڕی پێشتر رانه‌گه‌یه‌ندراو گه‌یشته‌ به‌غدای پایته‌خت و بڕیاره‌ دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عیراق، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات و بڕیاریشه‌ له‌لایه‌ن قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی لێ بكرێت.

ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز باسی له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی ماتیس بۆ عیراق كردووه‌ و سه‌باره‌ت به‌و به‌شه‌ی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان، ئاژانه‌كه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "ماتیس نیازی وایه‌ فشار بخاته‌سه‌ر مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی ریفراندۆم دوا بخرێت."

ئاژانسی رۆیته‌رز ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ "كوردانی عیراق وتویانه‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له‌ 25ی ئه‌یلول ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای نیگه‌رانییه‌كانی وڵاتانی دراوسێی كه‌ كه‌مینه‌ی كوردیان له‌ نزیك سنوره‌كان هه‌یه‌ و سه‌ره‌ڕای داواكارییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ دواخستنی ریفراندۆم."

هاوكات رۆیته‌رز له‌زاری برێت مه‌كگۆرك، نێردراوی تایبه‌تیی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌فدی كورد بۆ به‌غدا هانده‌ره‌ بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه‌.

ئه‌مریكا و وڵاتانی خۆرئاوا ترسی ئه‌وه‌یان له‌ ریفراندۆم هه‌یه‌ كه‌ ببێته‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكی ململانێنێ نوێ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ره‌نگه‌ وڵاتانی دراوسێ، دواجاریش ئه‌مه‌ وابكات بایه‌خدان و گرنگی به‌ شه‌ڕی داعش له‌ عیراق و سوریا كه‌مببێته‌وه‌.

رۆیته‌رز ئه‌وه‌ی به‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان رێگه‌وتنێكیان له‌نێواندا هه‌یه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دابینكردنی ملیۆنان دۆلار و چه‌ك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی بۆ پێشمه‌رگه‌.

به‌رپرسێكی ئه‌مریكا كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوی ئاشكرا بكرێت به‌ رۆیته‌رزی راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و رێكه‌وتن و یاداشتی لێكگه‌یشتنه‌ی نێوان پنتاگۆن و پێشمه‌رگه‌ به‌منزیكانه‌ به‌سه‌ر ده‌چێت و پێی وایه‌ كه‌ ره‌نگه‌ وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌ولێر كارتێك به‌رامبه‌ر كورد به‌كاری بهێنێت.

رۆژی 14ی ئابی 2017، وەفدی‌ دانوستانکاری‌ ئەنجومەنی‌ باڵای‌ ریفراندۆم لە شاری‌ هەولێرەوە بەرەو شاری‌ بەغدا بەڕێکەوت و یەکەم کۆوونەوەیان لەگەڵ حەیدەر عەبادی‌، سەرۆک وەزیرانی‌ عیراق ئه‌نجامدا.

ئەندامانی‌ شاندە دانوستانکارەکەی‌ ئەنجومەنی‌ باڵای‌ ریفراندۆم پێکهاتبوون لە، رۆژ نوری شاویس، ئەندامی‌ مەکتەبی سیاسی پارتی‌، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی‌ مەکتەبی سیاسی یەکێتی‌، ڤیان دەخیل ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ عیراق لە فراکسیۆنی‌ پارتی‌، فواد حسێن، سەرۆکی‌ دیوانی‌ سەرۆکایەتی هەرێم، محەمەد ئەحمەد، نوێنەری یەکگرتووی‌ ئیسلامیی‌ کوردستان، رۆمیۆ هەکاری نوێنەری‌ کلد و ئاشوور و ماجد بازرگان نوێنەری‌ تورکمانەکان.

لە رۆژی 12ی‌ ئابی 2017 شاندی ریفراندۆم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا لە کاتژمێر 11ی‌ پێش نیوەڕۆدا لە دیوانی‌ سەرۆکایەتی هەرێم لە شاری‌ هەولێر بە سەرپەرشتی رۆژ نوری شاوەیس کۆبوونەوە.

ئەندامانی‌ ئەو شاندە لە دوای‌ کۆبوونەوەکەیان، لە کاتژمێر 3ی‌ دوای‌ نیوەڕۆدا سەردانی‌ هەر یەک لە بارزانی‌ و کۆسرەت رەسوڵیان کرد لە پیرمام بۆ دیاریکردنی‌ کات و رۆژی‌ سەردانەکەیان بۆ بەغدا و لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە، کە شاندەکە لە 48 کاتژمێری‌ داهاتودا بەرەو بەغدا بەڕێ بکەوێت.

لە دوای‌ کۆبوونەوەی‌ ئەنجومەنی‌ باڵای‌ ریفراندۆم لەگەڵ ئەو شاندە دانوستانکارەدا، ئەو ئەنجومنە رایگەیاندراوێکی‌ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێڵە گشتییەکان و ناوەرۆکی‌ دانوستانی‌ شاندی‌ دانوستانکار لەگەڵ بەغدا بۆ پرسی‌ ریفراندۆم دیاریکرا، بەبێ ئەوەی‌ ئەو هێڵە گشتیانە و ناوەرۆکەکەی‌ بخاتەڕوو.

له‌ماوه‌ی مانه‌وه‌یان له‌ به‌غدا، وه‌فدی باڵای ریفراندۆم له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، سه‌لیم جبووری، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و نووری مالیكی، جێگری سه‌رۆك كۆماری عیراق و سه‌رۆكی كوتله‌ جیاوازه‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و  باڵیۆزی ئه‌مریكا و ئێران له‌ عیراق كۆبوونه‌وه‌.

ڕۆژی 7ی حوزەیران، جگە لە گۆڕان و کۆمەڵ، بارزانی و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کۆبوونەوە و بڕیاریاندا رۆژی 25ی ئەیلولی ئەمساڵ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش بگرێتەوە، بڕیاریشە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2017 هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم ئەنجام بدرێت، بەڵام سەرۆکایەتیی‌ هەرێم لە داوایەکی‌ نوێدا داوای‌ لە کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردن و راپرسیی‌ هەرێم کردووە، کە هەڵبژاردنی‌ پەرلەمان و سەرۆکی‌ هەرێم لە 1ی‌ تشرینی‌ دووەمی 2017دا ئەنجام بدرێت.

له‌ نوێترین زانیاریشدا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی سه‌ردانی وه‌فدی كورد بۆ به‌غدا، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و ئه‌ندامی باڵای شاندی ریفراندۆم بۆ به‌غدا، رایگه‌یاند، كه‌موكوڕییه‌كانی عیراقیان به‌ عه‌بادی راگه‌یاندووه‌و پێیان وتووە کورد و سوننە پشتگوێ خراون، دەشڵێت: "عه‌بادی داوای لێكردین له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ گفتوگۆ بكه‌ین كه‌ بڕیاره‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بكات".

سه‌عدی پیره‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كانی وه‌فده‌كه‌ی هه‌رێم بۆ به‌غدای بۆ میدیاكان خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ ئامانج له‌سه‌ردانه‌كه‌ گفتوگۆكردن بووه‌ له‌ گه‌ڵ لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان و خستنه‌ڕووی كه‌موكورتییه‌كانی حكومه‌تی عیراق.

 وتیشی: "له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ماندا له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كه‌موكورتییه‌كانی حكومه‌تی عیراقمان ده‌ستنیشان كرد و پێمان وتووه‌ كه‌ كورد و سوننه‌ له‌ عیراق پشتگوێخراون و هیچ گره‌نتیه‌ك نییه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانمان له‌ به‌غدا".

ئەندامەکەی لیژنەی ریفراندۆم بۆ به‌غدا وتیشی: "حه‌یده‌ر عه‌بادی داوای لێكردین كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ گفتوگۆ بكه‌ین كه‌ بڕیاره‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بكات".

سه‌باره‌ت به‌ چوونی وه‌فده‌كه‌ بۆ به‌غدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: "وه‌فده‌كه‌ نوێنه‌رایه‌تی زۆربه‌ی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانی كردووه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌م له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نیشتمانی به‌ راشكاوانه‌ پێمان وتن كه‌ هیچ زه‌مانێك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی ئێمه‌ جێبه‌جێ بكرێت".

وتیشی: "پێشنیازه‌كانی شیعه‌كانمان هێناوه‌ته‌وه‌ و له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای ریفراندۆم کە بڕیارە سبەینێ چوارشەممە کۆ ببێتەوە گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین".


PM:12:00:22/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 6292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو