هێزه‌كانی عیراق كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتیان له‌ ته‌له‌عفه‌ر كۆنتڕۆڵ كرده‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

له‌درێژه‌ی پێشڕه‌وییه‌كانیان بۆ قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر و له‌چوارچێوه‌ی ئۆپراسیۆنی (قادمون یا تلعفر)، هێزه‌كانی سوپای عیراق كێڵگه‌ی نه‌وتی (السكك)یان له‌و قه‌زایه‌ كۆنتڕۆڵكرده‌وه‌.

فه‌ریق روكن عه‌بدوئه‌میر یاره‌ڵا، فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنی (قادمون یا تلعفر) له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ یه‌كه‌كانی فیریقه‌ی 16ی پیاده‌، گونده‌كانی تشتیه‌ و ته‌ل سمن-یان كۆنتڕۆڵكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ستیشیانگرتووه‌ به‌سه‌ر چواڕیانی (الكسك) و پاڵاوگه‌ی نه‌وتی (الكسك) و ئاڵای عیراقیان له‌سه‌ر به‌رزكردووه‌ته‌وه‌.

هه‌ر ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 22ی ئابی 2017، عەبدولئەمیر یارەڵا، رایگه‌یاند كه‌ هێزه‌كانی عیراق چونه‌ته‌ یه‌كه‌م گه‌ڕه‌كه‌ی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر و هێزەکانی دژەتیرۆریش لە دووەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی تەلەعفەردا گوندەکانی: تەل رەحال، جەبارە، حوسێن ئیدریس، مەلا، مەجید-یان کۆنترۆڵکردەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 21ی ئابی2017، حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا راگەیاند، چەکدارانی داعش ژمارەیەک لە بیرە نەوتەکانی قەزای تەلەعفەر-یان ئاگر داوە.

بەپێی راگەیێندراوەکەی حەشدی شەعبی ئامانج لەوکارەی داعش، بۆ رێگرییکردن لە توانای بینینی فڕۆکە جەنگییەکان و بۆردوومانکردنیان.

حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق و سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 20ی ئابی2017 ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی تەلەعفەری راگەیاند.



AM:11:12:22/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 1560 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو