به‌سه‌ردانێكی كتوپڕ وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا گه‌یشته‌ عیراق

‌جه‌یمس ماتیس، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریك

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 22ی ئابی 2017، جەیمس ماتیس وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا گه‌یشته‌ به‌غدای پایته‌خت، بڕیاریشه‌ ماتیس سه‌ردانی هه‌ولێریش بكات.

به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی رۆیته‌رز، سه‌ردانه‌كه‌ی جه‌یمس ماتیس، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا بۆ عیراق كتوپڕ بووه‌ و پێشتر رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌، بڕیاریشه‌ له‌ سه‌ردانه‌كه‌دیدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عیراق كۆببێته‌وه‌.

 رۆژی دووشه‌ممه‌ 21ی ئابی 2017 ماتیس له‌گه‌ڵ شا عه‌بدوڵای دووه‌م، پادشای ئوردن كۆبووه‌وه‌ و باسیان له‌ هاوكاریی سه‌ربازی و به‌رگری و دۆخی ئێستای خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و پێشهاته‌كانی عیراق كرد.

سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا بۆ عیراق دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ پرۆسه‌ی رزگاركردنه‌وه‌ی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر ده‌ستپێكردووه‌ و به‌نیازه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عیراق تاوتوێی هه‌نگاوه‌كانی داهاتوو بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی داعش بكات.

دوای وه‌رگرتنی پۆسته‌كه‌ی وه‌ك وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا له‌ ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپدا، بۆیه‌كه‌مجار جه‌یمس ماتیس له‌ 20ی شوباتی 2017 سه‌ردانی عیراقی كرد و ئه‌مه‌ش دووه‌مجاره‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌تی ئه‌مریكا بێته‌وه‌ به‌غدا.


AM:08:49:22/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 1772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت