وەزارەتی دارایی پاداشتێكی مانگانە دەداتە بەشێك لە فەرمانبەرەكانی


وێستگه‌ نیوز ـ
وەزارەتی دارایی پارەیەكی مانگانە بە ناوی پاداشت دەداتە فەرمانبەرانی باج لە پارێزگا و شارو قەزاكاندا کە بڕەکە لە 100 هەزار کەمتر نییەو لە 350 هەزار دینار زیاتر نییە.

كەمال وەرتێ، بەڕێوەبەری گشتیی باج لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هه‌فته‌نامه‌ی (باس) ی راگەیاند، پێشووتر پاداشتێك سێ مانگ جارێك بۆ فەرمانبەرانی باجەكان هەبوو، بەڵام ئێستا كراوەتە مانگانە.

وتیشی: "بەهۆی ئەوەی فەرمانبەرانی باج هیچ دەرماڵەیەكی تایبەتیان نەبوو بۆ نمونە هاوشێوەی دەرماڵەی گومرگەكان هیچ ئیمتیاز و دەرماڵە و پاداشتێكیان نەبوو، بۆیە وەزارەتی دارایی بڕیاریداوە مانگانە پاداشتێكی دیاریكراو بدرێتە فەرمانبەرانی باجەكان".

ئاماژەی بەوەدا، ئەو پارەی دەدرێتە فەرمانبەرانی باج لەسەر داهاتی باج دەبێت و وتی: "ئەو پارەیه‌ی دەدرێت پەیوەندی بە مووچەوە نیە بەڵكو سەری مانگان دەدرێتە فەرمانبەرەكان".

لە بارەی بڕە پارەكە وەرتی وتی: "پاداشتەكە مانگانە لە 100 هەزار دینار كەمتر نیە و لە 350 هەزار دیناریش زیاتر نیە، كە زیاتر ئەو بڕە پارەیە واتا 350 هەزار دینارەكە بۆ بەرێوەبەری باجی پارێزگاكانە، خوارتر لەو پارەیە بۆ فەرمانبەران و لیژنە تایبەتەكان دەبێت بە بڕی جیاواز".

بەڕێوەبەری گشتیی باج جەختی كردەوە پێدانی ئەو پارەیە بەهۆی زۆری كارەكانی ئەو فەرمانبەرانە و كۆكردنەوەی داهاتە بۆ حكومەت، وتیشی: "نا عەدالەتیەكی زۆر هەبوو لەو فەرمانگانەی كە داهات بۆ حكومەت كۆدەكەنەوە، لە هەموو دنیاش ئیمتیازی ئەو فەرمانبەرانە زیاترە كە داهات بۆ حكومەت كۆدەكەنەوە بۆیە حكومەت بڕیاری پێدانی ئەو پاداشتەی دەركردووە كە بەراورد بە قەیرانەكە شتێكی باشە ئەگەرچی لە ئاستی خواستەكانی ئێمە نیە".

جەختی له‌وه‌شكرده‌وه‌: ئەو بڕیارە هەموو فەرمانبەرانی باج لە پارێزگا و  قەزاكان دەگرێتەوە لە باجی خانووبەرە و باجی دەرامەت و باجی خانووبەرەی میری دەگرێتەوە.

وتیشی: "وێرای ئەوەی هەموو فەرمانبەرانی باج دەگرێتەوە فەرمانبەرانی بەرێوەبەرایەتی گشتی باجیشی گرتۆتەوە چونكە ئەوانیش كاری باج و كۆكۆدنەوەی دەكەن".

باج كە دووەم  سەرچاوەیی كۆكردنەوەی داهاتە لە وەزارەتی دارایی، ساڵانە لە نێوانی 100 بۆ 200 ملیار دینارە و بەرپرسانیش ئاماژە بەوە دەكەن ئەمساڵ داهاتەكە تا مانگی 5 گەیشتوه‌تە 92 ملیار دینار.


AM:10:59:15/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 2920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت