ئاری هه‌رسین: پارتی كێشه‌ی له‌گه‌ڵ خاڵێکی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی گۆڕان هه‌یه
ئاری هه‌رسین، ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان
وێستگه نیوزـ
ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاند، پێنج خاڵه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، مه‌رج نین و دنیابینی گۆڕانه بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی ره‌وشه‌كه و ئه‌و دنیابینیه‌ش شتێكی گونجاوه و پارتی پێیان ده‌ڵێت: "ڤێری ڤێری وێڵكه‌م".
ئاری هه‌رسین، ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان له میانی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌یه‌كی كه‌ناڵی كوردستان 24، وتی: هه‌موو خاڵه‌كانی راگه‌یه‌ندراوی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌رێنین و ته‌نیا خاڵێكیان جێی مشت‌ومڕ ده‌بێت، ئه‌ویش په‌یوه‌سته به واده‌ی ریفراندۆمه‌وه.
وتیشی: پێشتر بارزانی باسی له‌وه كردووه، هه‌ر كه‌س پێی خۆشه ریفراندۆم دوابخرێت، زۆر باشه، به‌ڵام با جێگره‌وه‌ی ریفراندۆم دیار بكات، به‌دیلی ریفراندۆم چییه، ئه‌گه‌ر ئێمه ریفراندۆم نه‌كه‌ین، ئه‌دی چی بكه‌ین و به‌دیلمان چی ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وان وه‌ڵامیان نییه. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه‌ی كورد بڕیار له سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی خۆی بدات.
ئاری هه‌رسین وتیشی: "پارتی له چوار خاڵدا هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی گۆڕان نییه، ته‌نیا پرسی واده‌ی ریفراندۆمه‌كه‌یه و به بۆچوونی منیش ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی له گۆڕانن، بایی ئه‌وه گیانی وه‌رزشیان هه‌یه، كه ئێمه له‌گه‌ڵ چوار خاڵی ئه‌وان بین و ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ خاڵێكی ئێمه رازی بن. "
ئه‌و په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان هیشواشی خواست "براده‌رانی گۆڕان كه دێن بۆ دانووستان دوو پرس له‌گه‌ڵ خۆیان بهێنن، ئه‌وانیش، یه‌كه‌م: ئێمه‌ش داوامان كردووه به زووترین كات پرسی موچه چاره‌سه‌ر بكرێت. دووه‌م: پرسی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان. زۆر گرنگه تێبگه‌ین، په‌رله‌مان كاراكردنه‌وه گرنگ نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه به چ ئالیه‌تێك په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه. خۆ هه‌ر ده‌رگا كردنه‌وه نییه. رووداوی 23ی حوزه‌یران دووباره نابێته‌وه، ئه‌ی 12ی ئۆكتۆبه‌ر دووباره نابێته‌وه، ئه‌مه‌یان نه‌تیجه‌ی ئه‌وه‌یان بوو."
PM:11:57:12/08/2017
ئه‌م بابه‌ته 5562
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت