یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی‌ پارتی‌ بۆ بڕیاری‌ گۆڕان سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیان


وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال 

سه‌ركرده‌یه‌كی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان پێشوازی‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حزبه‌كه‌ی‌ ده‌كات و ده‌ڵێت "ته‌مه‌ننا ده‌كه‌ین گفتوگۆكان ده‌ست پێبكرێن و گرێكوێره‌كان بكرێنه‌وه‌".  

عه‌لی‌ عه‌ونی‌، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند، له‌ سه‌ره‌تای‌ كێشه‌كانه‌وه‌ پارتی‌ هه‌وڵ ده‌دات و ده‌ستپێشخه‌ری‌ ده‌نوێنێ به‌ راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ و وتی‌ "ته‌مه‌ننا ده‌كه‌ین گفتوگۆكان ده‌ست پێبكرێن و گرێكوێره‌كان بكرێنه‌وه‌، چونكه‌ له‌به‌رده‌م قۆناغێكی‌ زۆر هه‌ستیارین و ساته‌وه‌ختێكی‌ چاره‌نووسسازه‌ بۆ كوردستان، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر رێك بین ئه‌وا به‌ هێزێكی‌ زیاتره‌ ده‌توانین ئه‌م قۆناغه‌ تێپه‌ڕێنین".  

ئه‌مڕۆ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ گۆڕان دوای‌ نزیكه‌ی‌ هه‌شت كاتژمێر كۆبوونه‌وه‌، بڕیاریدا كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستاندا بكات، دوای‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ش راگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌.  

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌: 

ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. لە کۆبونەوەکەدا هەلومەرجی سیاسی کوردستان‌و قەیرانی دارایی‌و نیگەرانیی هاوڵاتیانی کوردستان تاوتوێکران. جڤاتی نیشتمانی جەختی لەسەر باشکردنی ژیان‌و بژێوی هاوڵاتیان کردەوەو دوای تاوتوێکردنی راپۆرتی جڤاتی گشتی بڕیاریدا ئەم راگەیەنراوە بخاتە بەردەم رای گشتی‌و هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان.  

بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆکردنی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە بژاردەیەکی گونجاو دەزانێ بۆ چارەسەری قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی:  

یەکەم: هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەکەوتی موچە، کە حکومەتی هەرێم بە نایاسایی بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندویەتی.  

دوەم: دەستەبەرکردنی شەفافیەت لە داهاتی نەوت‌و غازو داهاتە ناوخۆییەکانی تر لە رێگای جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (2) ی ساڵی (2015)ی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی‌و گازییەکانی کوردستان‌و یاسا کارپێکراوەکانی وەزارەت‌و دەستەکانی هەرێمی کوردستان. ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانرێ پارەی کۆمپانیاو کاسبکاران‌ بدرێتەوەو پارەی پرۆژە پەکخراوەکان خەرج بکرێ‌و خزمەتگوزاری لە هەمو کەرتەکاندا چاکبکرێت.  

سێیەم: راگەیاندن‌و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ئامانجی هەمو خەڵکی کوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕانە. ریفراندۆم ئامرازێکە پێش راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەنجام دەدرێ. بەڵام بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە (25-9-2017) لە دەرەوەی زەمینەسازی یاسایی‌و هەلومەرجی لەباری سیاسی‌و ئابوری‌و ئەمنی‌و کۆمەڵایەتی دراوە، بە تایبەتی کێشەی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان. بۆیە پێویستە ئەم پرسە بۆ کات‌و هەلومەرجێکی لەبار دوابخرێ‌و بخرێتەوە بەردەم پەرلەمانی کوردستان.  

چوارەم: پەرلەمانی کوردستان، دوای رێکەوتنی سیاسی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکان، ئاسایی بکرێتەوەو درێژە بە کاری یاسادانان‌و چاودێری بکات‌و بەردەوام بێت لە هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بۆ چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی دیموکراسی لە کوردستان.  

پێنجەم: هەڵبژاردنە گشتییەکان لە وادەی یاسایی دیاریکراوی خۆیاندا ئەنجام بدرێن.  

بزوتنەوەی گۆران
 12/8/2017


PM:08:41:12/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 6654 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو